رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی سنووری بەستۆرە و گوندەکانی دەوروبەری لە هەولێر دەڵێن، سیستمی وەرگرتنی پارەی موەلیدە بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون، چونکە 15 رۆژ جارێک پارەیان لێ وەردەگیرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانیش دەڵێت، وەزارەتی کارەبا هیچ هاوئاهەنگییەکی لەگەڵیاندا نییە بۆ رێکخستنی خشتەی کارەبا.
عەباس عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییەکی ناوچەکەیە و بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "خاوەن موەلیدەکان 15 رۆژ جارێک دێن و پارە وەردەگرن؛ بۆ سێ ئەمپێر 45 هەزار دیناریان دیاری کردووە، ئەگەر وا بڕوات دەبێت مانگانە 90 هەزار دینار بدەین، ئەمەش بۆ مووچەخۆر و هەژاران زۆرە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، خراپیی کارەبای نیشتمانی و پچڕانی بەردەوام بووەتە هۆی سووتانی ئامێرە کارەباییەکانیان، هاوکات خاوەن موەلیدەکانیش هەڕەشەی بڕینی کارەبا دەکەن ئەگەر لە ماوەی 5 رۆژدا پارەکە نەدەن، لەکاتێکدا مووچە بەردەوام دوادەکەوێت.
لەلایەکی دیکەوە خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رادیۆی رووداو هۆکاری ئەم کێشەیەی بۆ "سیستمی کاژێری" گەڕاندەوە و گوتی، "165 کاژێرمان دیاریکردووە بۆ ماوەی دوو مانگ، ئەگەر موەلیدەیەک ئەو 165 کاژێرە لە 15 رۆژدا تەواو بکات، سیستمەکە سفر دەبێتەوە و دەبێت پارەکە کۆبکرێتەوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان جەختی لەوە کردەوە، نرخەکان بەپێی تێچووی گاز و کاتی کارکردنی موەلیدەکان دیاری دەکرێن، بەڵام گلەیی لە وەزارەتی کارەبا کرد و گوتی، "وەزارەتی کارەبا و کۆنترۆڵی کارەبا تاوەکو ئێستا هیچ هاوئاهەنگییەکیان لەگەڵماندا نەبووە لەبارەی خشتەی کارەبا و کاژێرەکانەوە."
خۆران خۆرانی داوای لە وەزارەتی کارەبا کرد، "لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن تاوەکو خشتەیەکی جێگیر دیاری بکرێت، هاونیشتمانییانیش بەرچاوڕوونییان هەبێت و بزانن مانگانە چەند پارە دەدەن، نەک وەک ئێستا سیستمەکە ناڕوون بێت و بارگرانی بۆ مووچەخۆران دروست بکات."



