رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای ئاکرێ ئامێرەکانی راکێشانی پارەی بانکی جیهان بەردەست نین و مووچەخۆران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان دەچنە شار و قەزاکانی دیکەی پارێزگای دهۆک، بەڕێوەبەری بانکی جیهان دەڵێت، بەدواداچوون دەکەین و بەپێی رێنماییەکان گرفتەکە چارەسەر دەکەین.
تاوەکو ئێستا لە سنووری قەزای ئاکرێ ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) کە بانکی جیهان و پرۆژەی "هەژماری من" بە هاوئاهەنگی دابینی دەکەن، دانەنراون. هاونیشتمانییانی دانیشتووی ئەو قەزایە لە ناحیەی رۆڤیا و بەردەڕەش و شوێنە نزیکەکانی دیکە پارەکانیان وەردەگرن.
ئەحمەد عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بانکی جیهان، ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی رێنماییەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ هەر 1000 کەس یەک ئامێری ATM دادەنرێت، بڕیارە لە مانگی داهاتوودا 20 بۆ 25 ئامێر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێن، بەدواداچوون بۆ کێشەی مووچەخۆرانی ئاکرێ دەکەین و ئەگەر رێنماییەکان بیگرێتەوە ئامێر لەو دەڤەرەش دادەنێین."
بەڕێوەبەری بانکی جیهان ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو لە مانگی رابردووشدا لە بابەتێکی هاوشێوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاگاداری کردوونەوە، بەدواداچوونیان کردووە و لە رۆژانی داهاتوودا ئامێری ATM لەو سنوورەش دادەنرێ.
بەگوێرەی ئاماری پڕۆژەی هەژماری من، زیاتر لە 710 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە هەرێمی کوردستان دانراون.
ئەمە لە کاتێکدایە پرۆژەی "هەژماری من" هۆشداری داوەتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە دوای 31ـی ئابەوە تەنیا لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەی پرۆژەکەوە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن و هەر کەسێكیش خۆی لە پرۆژەکە تۆمارنەکردبێت، مووچەکەی رادەگیرێت.



