رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر ماتۆڕسوارەکان گلەیی دەکەن، کە لە بەنزیخانەکان بەنزینی حکومییان پێ نادرێت؛ نەوت و کانزاکانی هەولێریش دەڵێت: "بەنزینی 750 دیناری بە ناوی ئۆتۆمبێل دەدرێتە بەنزینخانەکان و قەدەخەیە بە ماتۆڕسکیل بدرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 25-8-2026 سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شوفێری ماتۆڕسکیلەکان بازرگانی بە بەنزینەوە دەکەن؛ هاوکات نۆرە ناگرن و جەنجاڵی دروست دەکەن."
هەر ئەمڕۆ حاجی هۆگر، بازرگانیی سووتەمەنی لە شاری هەولێر بە رووداوی گوت، "جەنجاڵییەکی زۆری لەسەر ئەو بەنزینخانانە هەیە کە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن؛ رێنمایی سامانە سروشتییەکانە کە نابێ بەنزین بە ماتۆڕسکیل بدەین؛ پێشنیازمان کردووە کە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان چەند بەنزینخانەیەک دیاری بکات و بەنزین بە ماتۆڕسکیل بدەن."
بە گوتەی سالار محەممەد، ئەو بەنزینەی کە بە 750 دینار دابەش دەکرێت، بە ناوی ئۆتۆمبێل دەدرێتە بەنزینخانەکان و ناتوانن بیدەنە ماتۆڕسکیل. دەشڵێت: "ماتۆڕسکیل مایەی مەترسییە بۆ بەنزینخانە."
لێپرسراوی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر روونیکردەوە، جگە لە کێشەی ماتۆڕسکیل، کێشەی دیکەمان هەیە و خەریکین رێکارێکیان بۆ بدۆزینەوە؛ ماتۆڕسکیل نابێ و قەدەخەیە بچنە نێو بەنزینخانە؛ لە هەوڵداین چارەسەرێکیان بۆ بدۆزینەوە، چەند بەنزینخانەیەک تایبەت بکرێ بە ماتۆڕسکیل؛ بێگومان دەبێت لە دەرەوەی بەنزینخانە بەنزین لە ماتۆڕەکانیان بکەن.
سەبارەت بە کێشەی بەردەامی بەنزین، سالار محەممەد گوتی: "خەریکین کارتی ئەلیکترۆنی ئۆتۆمبێلی تەکسی و تایبەت جیا دەکەینەوە؛ هەوڵەکە بۆ ئەوەیە کارتی تەکسی جیاواز بێ و زیاتر بەنزینیان پێ بدەین. ئۆتۆمبێلی تایبەت هەفتەی جارێک و تەکسی سێ یان چوار رۆژ جارێک بەنزینیان پێ بدرێت."
لەبارەی زیادکردنی بڕی بەنزین لە پارێزگای هەولێر، سالار محەممەد گوتی: "32 تەنکەر بەنزین رۆژانە دابەش دەکرا؛ بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانمانەوە سامانە سروشتییەکان لەمڕۆوە رۆژانە 38 تەنکەر بەنزینی 36 هەزار لیتری بۆ هەولێر دابین دەکات."




