رووداو دیجیتاڵ
نابیستان لە هەرێمی کوردستان بەدەست بەرزیی تێچووی چارەسەر و گرانیی نرخی بیستۆکەکانەوە دەناڵێنن و بەشێکیان بۆ وەرگرتنی بیستۆکی خۆڕایی روو لە بەغدا دەکەن. لە کاتێکدا تەندروستیی هەولێر دەڵێت خەریکی کڕینی بیستۆکن.
پرسی نابیستان و گرفتەکانیان تەوەرێکی سەرەکیی بەرنامەی "بەرپرسیار" بوو لە تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات. لە بەرنامەکەدا پەردە لەسەر جیاوازییەکی گەورەی نرخ لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لادرا.
هەڵوێست بایز، باوکی منداڵێکی نابیستە و لە "بەرپرسیار" چیرۆکی خۆی گێڕایەوە: "پزیشکێک لە نەخۆشخانەیەکی حکومیی هەولێر پێیگوتم بە 17 هەزار دۆلار بیستۆک بۆ کچەکەت دەچێنم، بەڵام لە کەرتی تایبەت. کاتێک چوومە بەغدا، هەمان پڕۆسە بە پێنج ملیۆن دینار بۆم تەواو بوو و بیستۆکەکەشیان بە خۆڕایی پێداین."
جگە لە تێچووی چاندن، پارچەکانی بیستۆکیش بارگرانییەکی زۆرن؛ پاترییەک بە 800 دۆلار و وایەرێک بە 400 دۆلارە، کە ئەمانە هەمووی لەسەر شانی هاونیشتمانییانە و حکومەت دابینیان ناکات.
دڵشاد مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بەرنامەکەدا ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2012ـەوە هیچ کەمئەندامێکی نوێ مووچەی بۆ نەبەستراوە.
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی کار گوتی: "ئێستا 6,157 نابیست مووچەی 150 هەزار دیناری وەردەگرن، بەڵام نزیکەی 30 هەزار کەمئەندامی نوێ (لە هەموو جۆرەکان) ناویان رەوانەی بەغدا کراوە و داوامان کردووە لە بودجەی ساڵی 2027 پارەیان بۆ دابین بکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵ هەیە مووچەی کەمئەندامان هاوتای بەغدا بکرێت و بۆ 250 هەزار دینار بەرزبکرێتەوە.
بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 12 هەزار نابیست لە هەرێمی کوردستان هەن. سامان سەباح، سەرۆکی کۆمەڵەی نابیستان دەڵێت، ئەوان لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێ خراون و تەنانەت داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندن و مۆڵەتی شۆفێریش جێبەجێ نەکراون.
دیار محەممەد، گەنجێکی نابیست کە بە زمانی ئاماژە قسەی بۆ رووداو کرد، باسی لە بێدەسەڵاتیی خۆی کرد و گوتی: "مووچەکەم تەنیا 150 هەزار دینارە، چۆن دەتوانم بیستۆکێک بکڕم کە نرخەکەی لە 800 دۆلارەوە دەستپێدەکات؟ هاوژینەکەشم وەک من نابیستە و ئەویش بیستۆکی نییە."
دکتۆر دلۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا ماوەیەکی زۆرە بیستۆک نانێرێت یان بە پچڕپچڕ دەینێرێت.
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر گوتی: "کڕینی بیستۆکمان خستووەتە سەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و ئێستا لە پرۆسەی تەندەریندایە، هەوڵدەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا دابینی بکەین."


