رووداو دیجیتاڵ
ئەو دوو گەنجە عەرەبەی رۆژی هەینی لە زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات خنکان، ئەمڕۆ تەرمی هەردووکیان لە دوو کاتی جیادا دۆزرانەوە.
رۆژی یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی هەینی دوو گەنج لە سنووری قەزای خەبات کەوتنە نێو ئاوەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام بوون لە گەڕان، بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی یەکێکیان دۆزرایەوە، دوای نیوەڕۆش ئەوەی دیکە دۆزرایەوە."
بە گوتەی شاخەوان سەعید، تیمەکان ئەمڕۆ هەوڵەکانیان چڕ کردبووەوە، دوای دوو رۆژ لە گەڕان توانییان هەردووکیان بدۆزنەوە؛ گوتیشی: "تەرمی دووەم نزیک کاژێر 04:00ی ئێوارە دۆزراوەتەوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تەرمەی دوای نیوەڕۆ دۆزراوەتەوە ناوی ئەیوب تارق مەحموودە.
بەیانیی ئەمڕۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر تەرمی یەکەمیان دۆزییەوە. ئەو دوو کەسەی رۆژی هەینی خنکابوون ئامۆزای یەکدی بوون؛ بە ناوەکانی ئیسماعیل رەعد مەحموود، لەدایکبووی ساڵی 2000 و ئەیوب تارق مەحموود، لەدایکبووی ساڵی 2008.
هەردوو گەنجەکە دانیشتووی گەڕەکی سەرکارێز بوون لە شاری هەولێر. دوای گەڕانێکی زۆر، دواجار تەرمی هەردووکیان دۆزرایەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر 20 کەس و لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 کەس لە ئاودا خنکاون.




