رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، زیاتر لە ساڵێکە مامەڵەی زەوییان کردووە و نازانن کەی ناویان دەگەڕێتەوە. بەرپرسێکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، ناوی هەموویان گەڕاوەتەوە و زەوییان پێ دەدرێت. هەروەها سەرۆکی شارەوانییەکانی هەڵەبجە دەڵێت، لە دوو ناحیەدا زەوی دابەش دەکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 500 هەزار فەرمانی رەزامەندیی بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاندووەتەوە بۆ شارەوانیی شارەکان، بەڵام 130 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 80 هەزار پارچە زەوی، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 30 هەزار، لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 20 هەزار و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش نزیکەی 300 پارچە زەوی دابەشکراون.
رەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیمان زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک دەکرێت".
رەنجدەر ئومێد گوتیشی: "ناوی هەموویان گەڕاوەتەوە، هەموو ئەوانەی مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە با دڵنیابنەوە لەوەی کە زەوییان پێ دەدرێت و مافی کەس ناخورێت، ئەوەی هەیە بە تیروپشکە و هەرجارە و کۆمەڵێک وەری دەگرن".
جیا لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر کە ناوچەکانی دەوروبەری هەولێریان لە ئەستۆدایە، زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەویی دیکە دابەشکراون.
لە هەڵەبجە بەراورد بە هەموو شارەکان کەمترین زەوی دابەشکراوە، بە جۆرێک 200 پارچە زەوی لە سەنتەری شارەکە و کەمتر لە 100 پارچە زەوی لە ناحیەی بیارە دابەشکراون.
خێڵان عەبدولڕەحمان، سەرۆکی شارەوانییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لە سەنتەری شار، ئێمە ئامادەکاریمان کردووە بۆ دابەشکردنی زەوی و لە قۆناخەکانی کۆتاییداین، ئەوەی هۆکاری دواکەوتن بووە کێشەی هونەری و کارگێڕیی بوون".
سەرۆکی شارەوانییەکانی هەڵەبجە گوتیشی: "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لە ناحیەی سیروان زەوی دابەش دەکەین، هەروەها لە ناحیەی بیارە بەشێک زەوی ئامادەیە بۆ دابەشکردن، بەڵام کاردەکەین بڕەکەی زیاتر بکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا دابەشی بکەین".
خێڵان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بە ناحیەی بەمۆ کرد و گوتی: "زەوی ئامادەیە، بەڵام خەڵکی بەمۆ دەڵێن زەوییەکەیان ناوێت، بە پاساوی ئەوەی بەهای مادیی نییە و پارە ناکات، ئێمەش لە هەوڵداین رەزامەندییان بۆ وەربگرین کە زەوییەکەیان لە ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکەمان بێت".
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ی ئاداری 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندایە، کە بڕیاریان دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت، تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی شارەکان دابەشکراون و دابەشکردنیش بەردەوامە.



