رووداو دیجیتاڵ
خراپیی دۆخی رێگەوبان بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانییەکی زۆر لای دانیشتووانی ژمارەیەک لە گوندەکانی سنووری پارێزگای هەولێر. هاونیشتمانییان داوای چاککردنی دەستبەجێی رێگەکان دەکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی نەبوونی "نەختینە" و بودجەی پێویستەوە زیاتر لە 150 پرۆژەی رێگەوبان لە سنوورەکەدا وەستاون.
سیامەند حاجی، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی مەرزانەیە لە سنووری دەشتی هەریر لە پارێزگای هەولێر و ئەو مەینەتییانە دەگێڕێتەوە کە بەهۆی خراپیی رێگەی گوندەکەیانەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، رێگەی گوندەکەیان بەتەواوی تێکچووە و ئەوەش ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی خەڵک دروستکردووە. سیامەند دەڵێت، ئەم رێگەیە تەنیا خزمەت بە گوندەکەی ئەوان ناکات، بەڵکو دوو گوندی دیکە لەسەر هەمان رێگەن و "خەڵک داوای بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەوەی رێگەکەیان بۆ چاکبکرێت."
هاوکات لە سنووری قەزای قوشتەپە کێشەکە گەورەترە. ئیدریس گۆسکەیی، دانیشتووی گوندی گۆسکە باس لەوە دەکات کە چەند ساڵێکە لافاو پردی سەرەکیی گوندەکەیانی بردووە و تاوەکو ئێستا حکومەت چاکی نەکردووەتەوە. ئیدریس نیگەرانیی خۆی لە چاکنەکردنەوەی پردەکە دەربڕی و رایگەیاند: "ئەم پردە لە زستاندا ئاستەنگی زۆرمان بۆ دروستدەکات، چونکە خەڵکی نزیکەی دە گوند لەسەر ئەو رێگەیە هاتووچۆ دەکەن." ئەو هاونیشتمانییە داوا لە پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکات کێشەکەیان پشتگوێ نەخرێت، چونکە نەمانی ئەو رێگەیە بە واتای دابڕانی تەواوی گوندنیشینانی ئەو سنوورە دێت لە شار.
حکومەت هۆکاری جێبەجێنەکردنی پرۆژەکان بۆ نەبوونی پارە دەگەڕێنێتەوە. ئەندازیار عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەوان وەک لایەنی جێبەجێکار ئاگاداری هەموو کێشەکانن و پلانیشیان داناوە، بەڵام قەیرانی دارایی دەستی بەستوون.
عیماد محەممەد، سەبارەت بەو پرۆژانەی لە سنووری هەولێر بڕیاریان لێدراوە، گوتی: "ئێستا 157 پرۆژەمان هەیە کە هەموویان رەزامەندیی فەرمییان بۆ وەرگیراوە، بەڵام دەستپێکردنیان وەستاوە، بەهۆی نەبوونی نەختینە و پارەوە."
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش کرد، گوندی گۆسکە یەکێکە لەو شوێنانەی رەزامەندیی چاککردنی پردەکەی هەیە، بەڵام پارە لەبەردەست نییە و هەربۆیە ناتوانن دەستبەکاربن.
سەبارەت بە رێگەی گوندی مەرزانیش لە دەشتی هەریر، بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر روونیکردەوە کە پێشتر دوو بۆ سێ جار بەشێوەیەکی کاتی و خێرا چاککردنەوەیان بۆ کردووە، بەڵام بۆ چاککردنەوەی بنەڕەتی، پرۆژەکە یەکێکە لەو 157 پرۆژەیەی نەبوونی پارە و نەختینە کارەکانی راگرتوون.


