رووداو دیجتاڵ
فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ دەڵێ، ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، چارەسەری دەکەن.
فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و دابەزینی لەناکاوی ئاستی ئاوی زێی بچووک، پڕۆژەی ئاوی خاس کارەکانی راگرت".
فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ ئاماژەی بەوەکردووە، لە کارکردندان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوەکە؛ راشیگەیاندووە: "بەشێک لە هاوشارییانمان ئاویان هەیە، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی کۆگاکانەوە بەشێک لە گەڕەکەکان ماون ئاویان پێ بدرێ".
بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەکە گەورە نییە و بە بەربەستکردنی ئاوی زێی بچووک دەتوانین ئاو بگەڕێننەوە بۆ پڕۆژەکە و دابەشکردن دەستپێدەکاتەوە".
ساڵانە لە وەرزی هاویندا ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە. بەگوتەی قایمقامی قەڵادزێ، کێشەکان بوونەتە رۆتین و بە رێکاری کارگێڕی و بەربەستکردنی زێیەکە رێگە نادەن خەڵک بێ ئاو بێت.
پڕۆژەی ئاوی خاس ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەسی قەڵادزێ و دەوروبەری دابین دەکات، هەروەها چەندین پڕۆژەی ماسی و بەروبوومی کشتوکاڵی لەسەرە.
پڕۆژەی ئاوی (خاس) سەرچاوەکەی ئاوی زێی بچووکە، رۆژانە لە کاژێرێکدا دوو هەزار و 700 مەتر سێجا ئاو بۆ هاونیشتمانییانی قەڵادزێ و دەوروبەری بەردەداتەوە.
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە. بەهۆی گلدانەوەی ئاو بۆ ئەو بەنداوە، ساڵانە بەگوێرەی پێویستیی خۆی، ئاوەکە دەگرێتەوە.


.jpeg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)