رووداو دیجیتاڵ
تیمە تایبەتەکانی عێراق بە هاوکاریی نێودەوڵەتی، دەستیان بە رێکارە تەکنیکییەکان کردووە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی 67 کوردی ئێزدی لە سنووری شنگال لە پارێزگای نەینەوا، تاوەکو لە رێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە ناسنامەکانیان یەکلایی بکرێتەوە.
رێکخراوی (پێتریکۆر) تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند:"تیمی نیشتمانیی عێراق بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بە هاوکاریی لیژنەی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنبووان، لە رۆژانی 19 بۆ 20ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەست پێدەکات و 18 رۆژ دەخایەنێت. دواتر رووفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا دەکرێن تاوەکو پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێ بۆ ناسینەوەیان".
ئەم دۆسیەیە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، کاتێک رووفاتی 67 کوردی ئێزدی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی خانەسۆر لە باکووری شنگال دۆزرانەوە. لە 13ـی ئابی هەمان ساڵدا رووفاتەکان لە مەزاری شەرفەدین بە خاک سپێردران، بەڵام بەبێ ئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت، ئەمەش وایکرد کەسوکاریان بۆ 11 ساڵ لە چاوەڕوێی ناسینەوەی رووفاتی ئازیزەکانیاندا بن.
رێکخراوی پێتریکۆر دەڵێ، ئەم هەنگاوە دوای ساڵانێک لە بەدواداچوونی بەردەوام دێت بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیە بەئازارە؛ هەروەها داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، وەرگرتنی نموونەی خوێنی خێزانەکان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق خێرا بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین هەلی ناسینەوە هەبێت.
ئامانجی کۆتایی ئەم پڕۆسەیە گەڕاندنەوەی ناو و ناسنامەیە بۆ هەر هاونیشتمانییەک، تاوەکو خێزانەکانیان بتوانن بە شێوەیەکی شایستە بە خاکیان بسپێرێن و مافە یاساییەکانیان بەدەستبهێنن.
حوسێن قائیدی، راوێژکاری کاروباری ئێزدییان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە(22ـی ئابی 2026)، بە رووداوی راگەیاند:" تاوەکو ئێستا 96 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزراونەتەوە، کە 80 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە".
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، 851 روفاتی ئزیدی رەوانەی بەغدا کراون بۆ پشکنینی DNA، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 296 روفات پشکنینەکانی یەکلابۆتەوە و ئەوانی دیکە هێشتا ماون". راشیگەیاند:" ئەمە جگە لەو 2000 ئێزیدیە بێ سەروشوێنانە و 200 هەزار ئێزدی لە خێوەتەکان دەژین لە هەرێـمی کوردستان".
حوسێن قائیدی دەڵێت:" حکومەتی عێراق گرنگی بە کەیسی ئێزییدیەکان نادات و جووڵە لە کەیسەکە نییە".
داعش لە ئابی 2014دا هێرشی کردە سەر سنووری شنگال و هەزاران کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد.



