رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت کە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات، داهاتی ئەم هەفتەیەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 7 ملیار دینار بووە، بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی سێ ملیار و 800 هەزار دینار کەمی کردووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاوی کردەوە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 15-08-2026 تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 21-08-2026 بریتییە لە 7 ملیار و 178 ملیۆن و 790 هەزار دینار.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، هەفتەی پێشتر داهاتەکە 10 ملیار و 977 ملیۆن و 922 هەزار دینار بووە، بەمەش داهاتی سنوورەکە لەم هەفتەیەدا بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە 34% کەمی کردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی مانگێکی هەمان سنوور لە 26ـی مانگی شەش بۆ 26ی مانگی حەوت 63 ملیار و 940 ملیۆن و 179 هەزار دینار بووە. هەروەها لە 26ـی تەمموز تاوەکو ئەمڕۆ 21ی ئاب، 31 ملیار و 689 ملیۆن و 415 هەزار دینارە.
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 904 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاترە لە 407 ملیار دینارە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.

.png&w=3840&q=75)

