رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە تەرمێک دۆزرایەوە. پۆلیس رایگەیاند، رووداوەکە کۆنە و تەرمەکە ناناسرێتەوە.
راگەیێندراوەکەی پۆلیسی هەڵەبجە کاژێر 01:21ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئاب بڵاو کراوەتەوە و تێیدا هاتووە، ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی تەرمێک لە پشت گوندی بانیشاری کۆن سەر بە قەزای خورماڵ.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیس، بەهۆی سەختی و شاخاوییبوونی ناوچەکەوە "دوای چەند کاژێر"ێک تەرمەکەیان هێناوەتەوە.
لەبارەی ناسنامەی تەرمەکە، پۆلیس رایگەیاندووە: "جلوبەرگی کولتووری وڵاتێکی بیانی لەبەردایە و هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە؛ تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکیی هەڵەبجە کراوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە سنووری نێوان رۆژهەڵاتی و باشووری کوردستانە و شایەتحاڵان دەڵێن، قوربانییەکە هەڵدێراوە و گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی خورماڵ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. وەکو لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا ئاماژەی بۆ کراوە: "رووداوەکە کاتی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و ناتوانرێت تەرمەکە بناسرێتەوە".


