رووداو دیجیتاڵ
هەبوونی ئاژەڵ لە شەقامە گشتییەکانی کەرکووک بووەتە هۆی بێزاری و نیگەرانیی دانیشتووانی شارەکە. هاووڵاتییانی ناوچەی کۆرنیش و دەوروبەری فەرمانگەی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەڵاکردنی مانگاکان نەک تەنیا سیمای شاری تێکداوە، بەڵکو مەترسیشی بۆسەر هاتووچۆ دروستکردووە.
ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی شاری کەرکووک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رۆژانە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو خاوەن ئاژەڵانە دەگرنەبەر کە پابەندی یاسا نابن.
ئاڤێستا شێخ محەممەد دەڵێت: "رۆژ نییە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بەرامبەر نەکرێ. لیژنەمان ناردووەتە سەریان، سزای پێبژاردنیان دەکات و دەیانگرێ."
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە، قایمقامی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی گەورەی وەک مانگا پێویستی بە ئامادەکاریی لۆجستی هەیە. ئاڤێستا شێخ محەممەد گوتی: "ئەمانە ئاژەڵی گەورەن و وەک بزن نین، گواستنەوەیان ئاسان نییە و خزمەتی زۆری دەوێ."
ئەو بەرپرسە رایگەیاند، ئەم دۆخە زیان بە "سیمای نێو شار" دەگەیێنێت و لێپێچینەوەی تووند دەکەن.
هاووڵاتییانی ناوچەکە گلەیی ئەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان وەک پێویست لێپرسینەوە ناکەن، بەڵام قایمقامیەت دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامن لە سزادانی سەرپێچیکاران؛گوتیشی، ئەگەر سەرپێچیکاران بەردەوام بن لە سەرپێچییەکانیان، ئاژەڵەکانیان دەستیان بەسەردا دەگیرێ.

