رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هاووڵاتییەکیان بە تۆمەتی سووتاندنی درەختێک دەستگیر کردووە کە تەمەنی نزیکەی 200 ساڵە.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی هەینی زانیارییان پێگەیشتووە کە لە سنووری گوندی (ئالیاوا)ـی نزیک شاری سلێمانی درەختێکی بەتەمەن سووتێندراوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی سلێمانی گەیشتوونەتە شوێنی دیاریکراو.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای بینینی دیمەنەکە، راستەوخۆ پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخرا و دادوەری لێ ئاگادار کرایەوە. پۆلیسی دارستانی سلێمانی گوتی: "لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوونیان دەستپێکردووە و توانیویانە ئەمڕۆ چوارشەممە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن."
بەپێی دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە، ئەو درەختەی سووتێندراوە لە جۆری داری (بەڕوو)ـە و تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵ دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
