رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە بریندارەکانی شەوی رابردووی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی تانجەڕۆ لە پارێزگای سلێمانی تەندروستیی ناجێگیرە و برینەکەی سەختە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی دەڵێت، 95%ی جەستەی سووتاوە و تەندروستیی ناجێگیرە.
دکتۆر شاخەوان سائیب، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشینی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا یەکێک لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی ئێمە کراوە، ئەوانی دیکە تەندروستییان جێگیرە و بەشێکیان پێویستیان بە نەخۆشخانە نەبووە."
بە گوتەی دکتۆر شاخەوان سائیب، ئەو بریندارەی 95%ی جەستەی سووتاوە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئێستا لەژێر نەشتەرگەریدایە.
بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، لەو رووداوەدا 4 فەرمانبەریان بریندار بوون، یەکێکیان لێپرسراوی بنکەی قڕگەی سەر بە بەڕیوەبەرایەتییەکەیە.
شەوی رابردوو ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە، کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین و گازی تێدابوو. بەهۆیەوە کارگەیەکی قیر و چەندین کۆگای دیکەی نزیک لە شوێنی رووداوەکە سووتان.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، 41 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون، شەشیان کارمەندی بەرگریی شارستانین.
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، گوتی: "هۆکاری ئەو زیاتر لە هەشت تەقینەوە گەورەیەی روویاندا، بوونی تانکیی 100.000 لیتری بوو لەنێو کۆگاکەدا."
محێدین رەسووڵ، برای یەکێک لە بریندارەکان چیرۆکی سەرەتای ئاگرەکەی گێڕایەوە و گوتی، "براکەم پێی گوتم، سەتڵێکم بەدەستەوە بوو و گڕی گرت، منیان کوژاندەوە، بەڵام ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو."
سەرەڕای سووتانی ئەو بڕە زۆرەی سووتەمەنی، جێگری پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی دەدات، رووداوەکە کاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا نابێت.



.jpg&w=3840&q=75)