رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی (هەژماری من) ئاماری نوێی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، 922 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی زیاتر لە 710 ئامێری ATMـەوە مووچە وەردەگرن.
پڕۆژەی هەژماری من ئەمڕۆ دووشەممە، بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 18، 19 و 20ـی ئابی 2026، مووچەی مانگی حەوت بە شێوازی دیجیتاڵی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. تاوەکو ئێستا 950 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون، ئەوەندەش کارت دابەشکراوە.
بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران، لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز، 710 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) جێگیر کراون.
دابەشبوونی جوگرافیی سوودمەندان:
هەولێر: 395 هەزار سوودمەند.
سلێمانی: 314 هەزار سوودمەند.
دهۆک: 192 هەزار سوودمەند.
هەڵەبجە: 21 هەزار سوودمەند.
ئەو مووچەخۆرانەی بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن، بەپێی جۆرەکانیان بەم شێوەیەن:
فەرمانبەرانی مەدەنی: 388 هەزار کەس.
خانەنشینان: 260 هەزار کەس.
پێشمەرگە و ئاسایش: 238 هەزار کەس.
خێزانی شەهیدان: 37 هەزار کەس.
ئامارەکان دەری دەخەن کە پرۆسەی پێدانی مووچە بە دیجیتاڵی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە مانگی حوزەیراندا 836 هەزار کەس بەو شێوەیە مووچەیان وەرگرتووە، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا 795 هەزار و 750 کەس بوون. هەروەها لە مانگی نیساندا 762 هەزار کەس و لە مانگی ئاداردا 736 هەزار کەس. ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر تەنیا 130 هەزار و 500 کەس لەم سیستمەدا بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-08-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی بڵاوکردەوە. بەپێی خشتەکە، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە سبەی سێشەممەوە 18-08-2026 دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 20-08-2026 بەردەوام دەبێت.




