رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی گەرمیان 20ی مانگی رابردوو دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی رووتی لە هاووڵاتییان کردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، "ئێستا دەرکەتووە کە تۆمەتبار ئەندامی باندێکە و داوا لە قوربانییان دەکەین سکاڵا تۆمار بکەن."
رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 20-7-2026، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکمان راگەیاند کە لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی رووت و ناوزڕاندنی لە چەندین ئافرەت کردبوو، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کارەکە فراوانترە و ئەوان باندێکن."
بە گوتەی پۆلیسی گەرمیان، ئەو باندە نەک تەنیا رەگەزی مێ، بەڵکو هەڕەشەیان لە هەردوو رەگەز کردووە و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیان، "داوای پارە و پەیوەندیی سێکسییان لە قوربانییەکان کردووە."
تۆمەتبارەکە ناوی (م ، ع ، م)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2001ـە. پۆلیسی گەرمیان بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان، ناوی ئەو ئەکاونتانەی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبارەکە بۆ راوکردنی خەڵکی بەکاریهێناون:
فەیسبووک (Facebook):
Kalar Jaff
Hiwa Omar
Osman Hassan
Aki Kalare
Tazade Tazade
Hawzhin jaff
ئینستاگرام (Instagram):
sarbasttarxani
hawakjaff
سناپچات (Snapchat):
Hawahaedar
Kalar8063
garmayn_garmayn
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، چەندین ئەکاونتی دیکەش هەبوون کە لەلایەن تۆمەتبارەکەوە سڕدراونەتەوە یان سووتێنراون بە مەبەستی شاردنەوەی بەڵگەکان.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاووڵاتییان دەکات: "هەر کەسێک لە رێی ئەم ئەکاونتانەوە زیانی پێگەیشتووە، هەڕەشەی لێکراوە یان هەڵخەڵەتێنراوە، با سەردانی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان/ نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بکات، تاوەکو رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکە بگیرێتەبەر."
ئێستا تۆمەتبار بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ئەندامانی باندەکە بەردەوامە.




