رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی گۆمێکەوە لە ناحیەی گەرمک لە سنووری قەزای پێنجنوێن لە پارێزگای سلێمانی، "سەتان" ماسی مەترسی لەنێوچوونیان لەسەر بوو، پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، ماسییەکانیان رزگارکردوون.
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 16-08-2026 رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە سنووری گوندی بێستان لە ناحیەی گەرمک، ئاوی گۆمێك بەرەو کەمبوونەوە دەچوو سەتان ماسی رووبەڕووی مەترسی لەنێوچوون بوونەوە، کارمەندانی بنکەی گەرمكمان ژمارەیەکی زۆر لەو ماسییانەیان بۆ چەمی گۆلێ گواستنەوە و لە لەنێوچوون رزگاریان کردن".
هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە وەرزە گەرمەکاندا ئەو رووداوانە روودەدەن، لە هەر شوێنێکی سنوورەکەمان رووداوی هاوشێوە روویدابێت ماسییەکانمان گواستووەتەوە شوێنێک کە بتوانن بەردەوامی بە ژیان بدەن".
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتییش: "ئەو ماسییانەی لە سنووری ناحیەی گەرمک هەڵگیرانەوە هەمان رۆژ براونەتە شوێنێک کە رێڕەوی ئاوەکەی فراوانە و ئاوی زۆری تێدایە و لە مردن رزگار کراون".


