رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە 61 هەزار مامەڵەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان کراون و بەراورد بە ساڵێک پێشتر ژمارەکە بەرز بووەتەوە. لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 15 هەزار مامەڵەی جیابوونەوەش تۆمارکراون.
ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ هاوسەرگیری و جیابوونەوە بڵاو کردووەتەوە، لە ئامارەکاندا هەڵەبجە لە چوارچێوەی سلێمانیدا هەژمار کراوە، هاوکات ئامارەکانی ئیدارەی گەرمیان لەژێر ناوی دادگەکانی (کەرکووک/ گەرمیان) تۆمارکراوە.
ئامارەکانی هاوسەرگیری بەگوێرەی پارێزگاکان:
بەگوێرەی نوێترین ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری، ساڵی 2025 لە هەرێمی کوردستان 61 هەزار و 328 مامەڵەی هاوسەرگیری کراون و بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن:
هەولێر: 19 هەزار و 620 مامەڵە
سلێمانی: 25 هەزار و 678 مامەڵە
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: سێ هەزار و 66 مامەڵە
دهۆک: 12 هەزار و 955 مامەڵە
هاوسەرگیری زیادی کردووە
بەگوێرەی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2024 هاوسەرگیری (مارەبڕین) لە پارێزگای هەولێر 17 هەزار و 591 مارەبڕین تۆمار کراوە، ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە بۆ 19 هەزار و 620 مارەبڕین، بەو شێوەیە لە یەک ساڵدا 2029 مارەبڕین زیادی کردووە.
پارێزگای سلێمانی؛ ساڵی 2024 هاوسەرگیری (مارەبڕین) 18 هەزار و 522 مارەبڕین تۆمار کراوە، ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە بۆ 25 هەزار و 678 مارەبڕین، لە یەک ساڵدا 7156 مارەبڕین زیادی کردووە.
پارێزگای دهۆک؛ ساڵی 2024 هاوسەرگیری (مارەبڕین) 12 هەزار و 199 مارەبڕین تۆمارکراوە، ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە بۆ 12 هەزار و 955 مارەبڕین، بەو شێوەیە لە یەک ساڵدا 756 مارەبڕین زیادی کردووە.
ئیدارەی گەرمیان؛ ساڵی 2024 هاوسەرگیری (مارەبڕین) 2706 مارەبڕین تۆمار کراوە، ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە بۆ 3066 مارەبڕین، بەو شێوەیە لە یەک ساڵدا 360 مارەبڕین زیادی کردووە.
کۆی گشتی پار بەراورد بە پێرار، دە هەزار و 310 هاوسەرگیری زیاتر تۆمار کراون.
جیابوونەوەی هاوسەران
ئاماری جیابوونەوە لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەنجوومەنی دادوەری، پار 15 هەزار و 826 مامەڵەی تەڵاق - جیابوونەوە کراوە و بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە بووە:
پارێزگای هەولێر: 7113 جیابوونەوە
پارێزگای سلێمانی: 5369 جیابوونەوە
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: 990 جیابوونەوە
پارێزگای دهۆک: 2354 جیابوونەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە جیابوونەوەی هاوژینان لە ساڵی 2025دا بەراورد بە ساڵی پێشتر سێ هەزار و 439 جیابوونەوە زیاتر تۆمارکراون، کە بەگوێرەی پارێزگاکانیش بەمشێوەیە بووە:
ساڵی 2024 لە پارێزگای هەولێر 3878 جیابوونەوە هەبووە، ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە بۆ 7113، بەمەش 3235 جیابوونەوە زیادی کردووە.
ساڵی 2024 لە پارێزگای سلێمانی 5745 جیابوونەوە هەبووە، ساڵی 2025 کەمی کردووە بۆ 5369 جیابوونەوە، بەوەش 376 جیابوونەوە کەمی کردووە.
ساڵی 2024 لە پارێزگای دهۆک 2032 جیابوونەوە هەبووە، ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە بۆ 2354، بەمەش 322 جیابوونەوە زیادی کردووە.
ساڵی 2024 لە دادگەکانی ئیدارەی گەرمیان 728 جیابوونەوە هەبووە، ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە بۆ 990، بەو شێوەیە لە یەک ساڵدا 262 جیابوونەوە زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2024 بە گشتی 51 هەزار و 18 هاوسەرگیری و 12 هەزار و 387 جیابوونەوە تۆمارکراون.



