رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان راگەیاند، سەرقاڵی داڕشتنەوەی رێنمایی نوێن بۆ رێکخستنەوەی پرسەکان و دەڵێت: "جگە لە ئاو، هیچ شتێکی دیکە لەنێو پرسەکاندا رێگەپێدراو نییە."
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان دژی ئەوەن رێوڕەسمی پرسە بکرێتە شوێنی "نمایشکردن و خۆهەڵکێشان"، یان بقۆزرێتەوە بۆ پەیداکردنی پارە و دامەزراندنی گرووپ و کۆمپانیای تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی پرسە بە شێوەی VIP و خەرجییەکی زۆر.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتی: "ئامانج لە دانانی پرسە دڵنیایی و سووککردنی ئەرک و خەم و دڵتەنگیی کەسوکارە، لە هەمان کاتدا مەرگی ئازیزان بۆ پەندوەرگرتنە لە ژیان."
سەبارەت بە رێکارە نوێیەکان، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتی: "ئێستا سەرقاڵی داڕشتنەوەی رێنماییەکانی پرسەین بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی گشتی تێدا رەچاو بکرێت و بە جوانترین شێوە رێکبخرێت. یەکێک لەو رێنماییانە جەخت لەوە دەکاتەوە کە جگە لە ئاو، هیچ شتێکی دیکە لەنێو پرسەدا رێگەپێدراو نییە."
ئەو رێنماییانە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە پەسند دەکرێن و گشتاندنیان بۆ دەکرێت. گوتەبێژی یەکێتیی زانایان پێیوایە دیاردەی بەکۆمپانیاکردنی بەڕێوەبردنی پرسە "شتێکی باش نییە"، چونکە پێچەوانەی داب و نەریتی کۆمەڵگەیە و جۆرێک لە "ئیستغلالکردن"ـی تێدایە، بەو پێیەی هەموو کەسێک توانای دابینکردنی ئەو تێچووە زۆرەی نییە.
لە ماوەی رابردوودا، دیاردەیەک بڵاوبووەتەوە، کە لە پرسەکاندا، گرووپی شیرینەمەنی پێشوازی لە میوانان دەکەن؛ شیرینی و خواردنەوە دابەش دەکەن، ئەم کارەش تۆمار دەکرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە. کاردانەوەی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت.




