رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە خوێندکاران پلانیان هەیە خوێندنەکەیان بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بگوازنەوە، بەڵام ئاستەنگییان هەیە. راگرایەتیی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی لە زانکۆکە دەڵێت، ئاستەنگەکە پەیوەندی بە جیاوازیی یەکەکانی خوێندن (ECTS) و رێنماییەکانی سیستمی بۆڵۆنیاوە هەیە.
چەند رۆژێکە خوێندکارانی بەشی پەرستاری لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەرێمی کوردستان داوای چارەسەرکردنی کێشەی گواستنەوەی خوێندنیان بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکەن. بە گوتەی بەشێک لە خوێندکارەکان، گواستنەوە لە نێوان زانکۆکانی دیکەدا بەپێی نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوامە، بەڵام پرۆسەکە بۆ بەشی پەرستاریی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی راگیراوە.
پەیوەندیدار بەم بابەتە، د. یونس فازڵ، راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "سەبارەت بە پرۆسەی دابەزاندن و گواستنەوە، داواکاری بۆ دوو بەش پێشکەش کرابوو. داواکاریی خوێندکارانی بەشی شیکاریی نەخۆشییەکان بۆ هەموویان جێبەجێ کرا، بەڵام لە بەشی پەرستاری کێشەی جیاوازیی یەکەکانی خوێندن (ECTS) لە نێوان وانەکاندا هەیە."
د. یونس فازڵ روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی: "لە رووی یاساییەوە، ئەگەر لە ساڵێکدا زیاتر لە 12 یەکەی ECTS یان لە کۆرسێکدا شەش یەکەی ECTS جیاوازی لە نێوان پرۆگرامەکانی خوێندندا هەبێت، پرۆسەی گواستنەوە بۆ خوێندکارەکە ناکرێت. ئێمە ناتوانین پێچەوانەی یاسا خوێندکارێک کە قۆناخی یەکی بڕیوە، بیخەینەوە قۆناخی یەک."
راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، رەتکردنەوەی داواکارییەکان هیچ پەیوەندییەکی بە کەمیی شوێن یان رەتکردنەوەی کەسییەوە نییە، بەڵکو تەنیا پەیوەستە بە هاوتانەبوونی پرۆگرامی خوێندنی بەشەکان لە نێوان زانکۆکان؛ جەختی لەوەش کردەوە کە خوێندکارانی خاوەن مەرجی تایبەت، وەک کچ و کوڕی شەهیدان یان ئەوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، بەپێی رێنماییەکان کارئاسانییان بۆ دەکرێت، ئەگەر مەرجە زانستییەکان بەیەکەوە بگونجێن.
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەم کێشەیە لە داهاتوودا، د. یونس فازڵ رایگەیاند: "پێشنیازمان داوەتە سەرۆکایەتیی زانکۆ بۆ گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن تاوەکو وەک زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان یەکبگرێتەوە، بەڵام بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت گۆڕینی پرۆگرام دەبێت لە رێگەی کۆنفرانس و رەزامەندیی فەرمییەوە بێت. کاردەکەین تاوەکو لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەی پلەبەند ئەم ئاستەنگانە بە تەواوی لاببرێن."



