رووداو دیجیتاڵ
مزگەوتی گەورەی خورماڵ نۆژەن دەکرێتەوە و بەشە داڕووخاوەکانی مزگەوتەکە لەسەر دیزاینی پێشووی دەبێ. پڕۆژەکە لەلایەن سەرمایەدارێکی ناوچەکە بە هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەڵەبجە ئەنجام دەدرێ و بەشێکی پڕۆژەکەش گەشتیاری دەبێت.
ئەمڕۆ 15ـی ئابی 2026، محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵ میوانەکانی لە مزگەوتی گەورەی خورماڵ بووڵتەنی ئابووری رووداوی پێشکێشکرد و گفتوگۆیان لەسەر شێوازی نۆژەنکردنەوەکە کرد.
ئارام شێخ جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـەوە لەگەڵ سەرمایەدار عابید هەورامی هاوئاهەنگیان بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە دەستپێکردووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە، لە رێگەی لیژنەیەکی نۆ کەسی کە لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی شارەکە پێکهاتووە، سەرپەرشتی کارەکان دەکەن.
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ لە چەند قۆناخێک پێکهاتووە. ئارام شێخ جەمال گوتی: " بەشی یەکەمی کە نێو مزگەوتەکە دەگرێتەوە 80٪ـی تەواو بووە. قۆناخی دووەمیشی قوتابخانە و شوێنی مانەوەی مامۆستای ئایینی مزگەوتەکە لەخۆدەگرێ".
بەشێکی دیکەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورە لە خورماڵ ئاوی گەنجانە کە دروستکردنی چەند بازاڕ و دووکانێک لە خۆدەگرێ.
مزگەوتی گەورەی خورماڵ کە مێژوویەکی زیاتر لە 1400 ساڵی هەیە، بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە شوێنەوارییە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێ.
کاروان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، زۆرینەی بەشەکانی مزگەوتەکە لەنێوچووبوون و تەنیا منارەی مزگەوتەکە مابوو، بۆیە جگەلە منارەکە کە نۆژەن کراوەتەوە، بەشەکانی دیکە جارێکی ئاوا کراونەتەوە.
رونیشكردەوە، بەڵگە و دیکۆمێنتیان کۆکردووەتەوە تاوەکو مزگەوتەکە لەسەر شێوازی خۆی نۆژەن بکرێتەو بکرێتەوە.
باسی لەوەشكرد، کۆکردنەوەی بەڵگەکان نزیکەی شەش مانگی خایاندووە، چونکە بەڵگەکان تەنیا لە کوردستان نەبوون و بەشێکیان لە دەرەوە هێنراونەتەوە.
کارەکانی دیزاینکردنەوەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆیی ئەنجامدراوە کە بەشێکی تایبەت بە کۆکردنەوەی بەڵگەکانی هەیە.
عادل مەولەوی، ئەندازیارە و خاوەنی کۆمپانیای ڤیوو گرووپە کە ئەرکی دیزاینەکەیان لە ئەستۆ بووە، گوتی: " لە ساڵی 2020ـەوە بەشێکمان بە ناوی مێژوو کەلوپوور بە نەخشە کردەوە کە بەڵگەکانمان لە ئەمریکا و ئەورووپا کۆکردنەوە و دەدەین بیکەیەنە نەخشە".
عادل مەولەوی ئاماژەی بە یەکێک لەو بەڵگەنامانە کرد کە باس لە دارەکانی نێو هەیوانی مزگەوتەکە دەکات و گوتی: " چۆن لە بەڵگەکاندا ئاماژە بە بەکارهێنانی 150 دار کراوە، ئێمەش 150 دارمان لە دەرەوە هێناوەتەوە و بەکارمان هێناوەتەوە".
سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو بەڵگانەی لەبارەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ کۆیانکردوونەتەوە، عادل مەولەوی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەڵگە و وێنەکانیان لە ئەرشیفی عوسمانی و وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیاوە کۆکردوەتەوە و هێناویانەتەوە.
عابید هەورامی، سەرمایەدار و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (دیوان) کە ئەرکی نۆژەنکردنەوە و ئاوەکردنەوەی مزگەوتەکەی لە ئەستۆ گرتووە، رایگەیاند، بودجەیەکی دیاریکراوی بۆ پڕۆژەکە دیاری نەکردووە و بە بودجەیەکی کراوە کارەکە ئەنجام دەدات.
باسی لەوەشکرد، زۆربەی کەرەستە بەکارهاتووەکان کەرەستەی ناوچەکەن، جگەلەوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە دەتوانێت نزیکەی 500 تاوەکو هەزار هەلی کار لە بۆ سنووری هەڵەبجە و خورماڵ بڕەخسێنێت.
نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە تۆمار دەکرێ
محەممەد فاتیح، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور کە ناوەندەکەیان ئەرکی بە بەڵگەکردنی کارەکانی لە ئەستۆیە رایگەیاند، راوێژکارانی یونسکۆیان بردوەتە شوێنەکە کە ئەزموونی 30 ساڵەی لە نۆژەنکرنەوەی مزگەوتە کۆنەکان هەیە، تاوەکو کارەکان بە رێکار و رێنمایی بکرێن.
باسی لەوەشكرد، هەموو کارەکانی نۆژەنکردنەوە بە شێوەی هەفتانە بە وێنە و ڤیدیۆ دیکۆمنێت کراون بە ئامانجی گێڕانەوەی پڕۆژەکە بە شێوەی جیهانی.
موختار ساڵح، بەڕێوەبەری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی خورماڵە رایگەیاند، لە رێگەی کارەکەوە چەند پیشەیەکی لەنێوچوویان زیندوو کردوەتەوە بە جۆرێک لە هێنان و ئامادەکردنی بەردەکان کە بەردی ناوچەی هەورامانن.
روونیشکردەوە، بەهۆی ئەوەی کارەکە مێژووی بووە دوای بەدواداچوونەکان چەند جارێک گۆڕانکارییان لە کارەکانیان کردووە تاوەکو هەموو کارەکان وەکو خۆیان بەڕێوەبچن.
رووبەر و پێکهاتەی مزگەوت و منارەکە
رووبەری مزگەوتەکە 400 مەتر دەبێت، هەیوانێکی سێ مەتری هەبووە و لای سەرەوەی مزگەوتەکە سێ ژوور هەبوون کە بۆ خوێندن و حوجرە بەکارهێنراون. سەربانەکەی لە نۆ گومەزی گەورە دروستکراوە، دەرگا و پەنچەرەکانی لە داری توو و گوێزی هەورامانە.
لە بەردەم مزگەوتەکەدا حەوز، ئاو و شوێنی دەستنوێژ گرتن و حەمام و مردوو شۆر هەیە.
منارەی مزگەوتەکە لەسەر دەروازەی مزگەوتەکە دروستکراوە، بەرزی منارەکە 12مەتر و هەشت پاڵووە لە 54 چین خشتی سوری کاڵ دروستکراوە، ناوەوەی منارەکە لە 30 پلیکانەی بەشێوەی پێچاوپێچ تا کۆتای منارەکە دروستکراوە.



