رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری لەگەڵ روودانی بوومەلەرزەدا دەنگیش بیسترا، شارەزایەکی بوومەلەرزەزانی دەڵێت، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی نزیکەی 11 کیلۆمەتر روویداوە. لە بارەی هۆکاری دەنگەکەش دەڵێت: "پێکدادانی چینەکانی ژێرزەوییە." هەروەها ئاماژە بە ئەگەرەکانی روودانی بوومەلەرزەی بەهێزیش دەکات.
د. لوقمان موفتی، شارەزای بوومەلەرزەزانی و کەشوهەوا، ئەمڕۆ هەینی 14-08-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بوومەلەرزەکە کاژێر 01:27ی بەرەبەیانی روویداوە، پلەکەی چوار پلە بووە بە پێوەری رێختەر، لە قوڵایی نزیکەی 11 کیلۆمەتر لەنێوان چەمچەماڵ و سەنگاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویداوە".
سەنتەری بوومەلەرزەزانیی ئەورووپا و دەریای نێوەڕاست (EMSC) رایگەیاند، بوومەلەرزەکەی قەزای چەمچەماڵ 3.9 پلە بووە و بە قووڵایی 10.6 کیلۆمەتر لەژێر زەوییەوە بووە.
ئەو شارەزایەی بوومەلەرزانی گوتی: "لە ناوچەکە پلێتی عەرەبی هەیە و ناوچەکانی جەزیرەی عەرەبی و ناوچەی شام و بەشێکی باشوور و باشووری رۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە، کە بریتییە لە پلێتێکی گەورە و لە ژێر زەوی و بەردەوام بەرەو باکوور دەجووڵێت و بەشێکی باکووری رۆژهەڵاتی بەر پلێتی فارسی یان ئۆراسیادا دەکەوێت، لە ئەنجامی ئەو بەریەککەوتنەدا لە کۆندا چیاکانی زاگرۆس دروست بوون، ئێستاش ئەو بەریەککەوتنە دروستبوون و هەندێکجار لە ئەنجامی بەریەککەوتنەکە شکان یان شکان و یان چوونە ژێر دروست دەبێت و بەهۆیەوە بوومەلەرزە روودەدات".
لەگەڵ روودانی بوومەلەرزەکەدا، هاونیشتمانیانی سنووری قەزای چەمچەماڵ ڤیدیۆیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد، کە لەرینەوەی زۆری دروستکردووە. راشیانگەیاند، دەنگێکی بەهێز و سامناکیان بیستووە.
د. لوقمان موفتی دەڵێت: "دیارە لەم ماوەیەدا شکان یان چوونەژێر یان چوونەسەر لە پلێتەکانی ژێرزەوی هەیە لەناو ناوچەکەدا، ئەو دەنگانەی دەبیسترێن بە گشتی بریتییە لە پێکدادانی یان شکانی چینەکانی ژێر زەوی، پێش بوومەلەرزە گەورەکەی تورکیا لە ساڵی 2023 بە چەند رۆژێک دەنگێکی گەورە لە هەندێک شوێن بیسترابوو، بەهیواین هیچ بوومەلەرزەیەکی بەهێز و هاوشێوە لە ناوچەکەمان روونەدات".
لەبارەی مەترسی روودانی بوومەلەرزەی گەورەوە د. لوقمان موفتی گوتی: "بە گشتی بوومەلەرزەی بچووک ناوبەناو شتێکی باشە بۆ ئەوەی هێز خاڵی بکاتەوە؛ ناهێڵێت بوومەلەرزەیەکی بەهێز رووبدات، بەڵام زۆربوونی بوومەلەرزەکان لە ماوەیەکی کەمدا ئەگەری هەیە بوومەلەرزەی دیکەی بەدوادا بێت، بەتایبەت لە یەک مانگی رابردوودا ژمارەیەک بوومەلەرزە لە کەرکووک و دەوروبەری روویاندا، بەڵام بە گشتی بوومەلەرزەی کەم رێگرە لە بوومەلەرزەی گەورەتر لە داهاتوودا".
موفتی پێشبینی دەکات، "ئەگەریش هەیە لەکاتی زۆربوونی بوومەلەرزە هۆشداری ئەوە بێ جووڵەیەکی زیاتری پلێتەکانی ژێر زەوی دروستببن".
ئەو شارەزایەی بوومەلەرزەزانی ئاماژەی بەوەکرد، لە ناوچە بیابانییەکانی وەکو ئەنبار لە عێراق یان سعودیە زۆر بە دەگمەن دەبیسترێ بوومەلەرزە رووبدات، بوومەلەرزە زیاتر لەناو ناوچە شاخاوییەکان روودەدات، چەندێک نزیک بینەوە لەناو ناوچە شاخاوییەکان لە ناوچەی زاگرۆس، ئەوکاتە ئەگەری بوومەلەرزەی بەهێز زیاترە.


