رووداو دیجیتاڵ
ئۆفیسی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی پاڵاوتن و ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان بەردەوامە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەتەواویی کۆتایی بە کارەکانی دەهێندرێت.
ئۆفیسی جێگری سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، تێچووی پڕۆژەکە 9 ملیۆن دۆلارە و هیچ کێشەیەکی خەرجکردنی پارەی نابێت؛ چونکە بودجەکەی لە رێگەی "پڕۆژەی بەخشینی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان"ەوە دابینکراوە؛ ئەوەش لە رێگەی ئەو پارەیەی کۆمپانیاکانەوە کە خاوەنی پڕۆژەن و وەک بەخشین بۆ پڕۆژەیەکی گشتیی تەرخانی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ئۆفیسی جێگری سەرۆکی وەزیران، قوباد تاڵەبانی خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە دەکات و داوای کردووە بەچڕی کاری تێدا بکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراودا بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
قەزای دەربەندیخان کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 56 هەزار کەسە، تاوەکو ئێستا بێبەشن لە ئاوی خواردنەوەی پاک و تەندروست، هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی ئاو ناچارن لە کانی و بیرەکانەوە بە دەبە و جێگەی جیاواز ئاو بۆ ماڵەکانیان بگوازنەوە.
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە چەندین جار کارەکانی راوەستابوو، لە کاتێکدا تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە داواکاریی سەرەکی و لەپێشینەی تەواوی خەڵکی ناوچەکەیە.



