رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای دهۆک، بڕیاری دانانی کات بۆ داخستنی سەرتاشخانەکان گەنگەشە دەکرێت و سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لەو پارێزگایە دەڵێ، کاژێر 9:00ی شەومان دیاریکردووە و رۆژی یەکشەممە بڕیاری لەبارەوە دەدرێ.
وەڵات ئەمین، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دیاریکردنی کاتی داخستنی سەرتاشخانەکان لە کاژێر 9:00ی شەودا، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن و پاراستنی تەندروستیی کرێکارانی ئەو سێکتەرەیە.
وەڵات ئەمین گوتی: "بابەتەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی دەرنەکراوە، زۆر جار سەرتاشەکان لە کاژێر 8:00 یان 9:00ی بەیانییەوە لە سەرتاشخانەن و هەندێجار تاوەکو 1:00ی دوای نیوەشەو دەمێنێتەوە، رۆژی وا هەیە 14 کاژێر کار دەکەن کە زۆر جار لەشی بەرگەی ئەو ماندووبوونە ناگرێ، لەبەر ئەوە دەبێت بڕیارێکی یەکگرتوو هەبێت کە هەمووان پێکەوە بگرێتەوە."
سەبارەت بە بارودۆخە تایبەتەکانیش ئەوەی خستەڕوو؛ لە رۆژانی جەژندا دەتوانن زیاتر لە هەشت کاژێر کار بکەن، لەبەر ئەوەی لەو ماوەیەدا گوشاریان لەسەرە."
گوتیشی: "رای سەرتاشەکانمان وەرگرتووە و 95٪یان پێشوازییان لەم هەنگاوە کردووە، بۆ نموونە لە کۆی 100 سەرتاش کە پرسیارمان لێکردووە، نزیکەی 85 بۆ 90 سەرتاش لە بڕیارەکە رازین."
غەیاس حەجی، سەرتاش لە سنووری پارێزگای دهۆک، لەبارەی ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەوە بە رووداوی گوت، "سەرتاشخانەکان لە کاژێر 8:00ی شەو دابخرێن، لایەنی باش و خراپی هەیە، لایەنە باشەکەی ئەوەیە کە دەتوانم پشوو بدەم لەبەر ئەوەی من وەک سەرتاشێک تاوەکو کاژێر 1:00ی شەو دەمێنمەوە، لایەنە خراپەکەی ئەوەیە زۆربەی خەڵک لە ئێوارەوە سەرەدانمان دەکەن و بەمەش زیانمان پێدەگات."
سەرتاشەکە دەڵێ: "ئەگەر بەیانییان دابخرێن باشترە، من دەمەوێ سەرتاشخانەکان لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بکرێنەوە تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو، لەبەرئەوەی خەڵکی ئێمە بەیانییان نایەن بۆ سەرتاشخانە، بەڵکو زۆربەیان ئێواران و شەوان دێن."
ئەو سەرتاشە دەشڵێ: "من خۆم لەگەڵ ئەو بڕیارە نیم، چونکە بۆمان دەرناچێت و زیانمان پێدەگات."
بەڵام وەڵات ئەمین وەک نموونەیەک بۆ سەرکەوتنی ئەم جۆرە بڕیارانە ئاماژەی بە سێکتەری زێڕینگرەکان کرد و گوتی: " بۆ زێڕینگرەکان رۆژانی شەممەمان کردە پشوو، بەهۆی ئەوەی 90٪ زێرنگرەکان لە بڕیارەکە رازی بوون.".
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 16ی ئاب، لە دیوانی پارێزگای دهۆک کۆبوونەوەیەک بکرێت و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێ.
ئامادەکردن: محەممەد خاڵس



