رووداو دیجیتاڵ
مامۆستا مەلا جەرجیس ئیبراهیم، کەسایەتیی ئایینیی ناسراوی شاری هەولێر و گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی حوسێن، لە تەمەنی 80 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 02:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مامۆستا مەلا جەرجیس ئیبراهیم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی حوسێن بەهۆی نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دوایی کرد."
ئەو مامۆستا ئایینییە تەمەنی 80 ساڵ بوو و وەک گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی پێدا، ماوەیەکی زۆر لە ئەوقافی هەولێر کاری کردووە و خانەنشین ببوو، بەڵام بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی گوتار و پێشنوێژی.
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بە دۆخی تەندروستیی مامۆستا مەلا جەرجیس کرد و گوتی: "هەفتەیەک پێش ئێستا گوتاری هەبوو، بەڵام دوای گوتارەکە تەلەفۆنی بۆ کردین و گوتی کە ماندوو بووە و دەیەوێت پشوو بدات، ئیدی نەهاتەوە بۆ مزگەوت."
بڕیار وایە دوای تەواوبوونی رێکارەکان، تەرمی مامۆستا مەلا جەرجیس بە خاک بسپێردرێت و سبەی هەینی، یەکەم رۆژی پرسەکەی لە مزگەوتی نانەکەلی لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.



