رووداو دیجیتاڵ
لە دۆڵی روستێی سنووری گوندی گرتکی سەر بە دەڤەری باڵەکایەتی لە پارێزگای هەولێر، ئۆتۆمبێلێک کە 8 سەرنشینی هەڵگرتبوو، وەرگەڕا و دوو کەس گیانی لەدەستدا و ئەوانی دیکەش بریندارن. بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، دوو لە بریندارەکان برینەکەیان سەختە.
رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، ئەمرۆ هەینی 7ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە نزیک کاژێر 08:00ـی ئەمشەو روویدا و چەند کەسێک لە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەوانەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بوون خێزانێکن کە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوون لەو ناوچەیە."
بەگوتەی رەوەند هاودیانی، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران و تەرمەکانیش بۆ پزیشکی دادوەری دەگوازرێنەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر."


