رووداو دیجیتاڵ
لەسەر دۆسیەی
خنکانی گەنجێک لە چەمی چەمەکی سەر بە ناحیەی زەلان لە قەزای شارباژێر، پۆلیسی سلێمانی
رایگەیاند، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ 7ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە،
دوای ئەوەی هێزەکانیان ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوی خنکانی گەنجێک بەناوی (م.
ج.ن) لەدایکبووی ساڵی 2000 لە کاتی مەلەکردندا لە چەمی چەمەک، هێزەکانیان چوونەتە شوێنی
رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
لە راگەیێندراوەکەی
پۆلیسدا هاتووە: "دوای رێکارە یاساییەکان و پشکنین بۆ تەرمی هاووڵاتییەکە، بە
بڕیاری دادوەر سێ تۆمەتبار دەستگیرکران".
ئاری لەتیف، گوتەبێژی
پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کە تەرمەکە دەرهێندرا هەندێک
شوێنەوار بە جەستەیەوە بوو بۆیە گومان لای پۆلیس دروستبوو سێ کەسمان دەستگیرکرد".
گوتەبێژی پۆلیسی
سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، تەرمی قوربانییەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە، بۆ ئەوەی
بزانن هۆکاری مردنەکە خنکان بووە لە ئاوەکەدا یان رووداوی نەخوازراو.
ئەوانەی دەستگیرکراون
پۆلیس ناسنامەیانی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە: (ش. ش. م لەدایکبووی ساڵی 2001 - هـ.
ئـ. ع لەدایکبووی ساڵی 1997 - هـ. ئـ. ع لەدایکبووی ساڵی 1994.
پۆلیسی سلێمانی
ئاماژەی بەوەکردووە، هەرسێ تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی
و بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.
مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست و بەگوێرەی جۆری رووداوەکە سزاکانی جیاوازە، کە دەگاتە زیندانیکردنی هەتاهەتایی.



