رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە نووسراوێکدا داوا لە هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەر دەرچوویەکی زانکۆکان داوای پشتگیری بۆ دامەزراندن کرد پارەی لێوەرنەگرن.
لە نووسراوەکەدا کە 6ـی ئاب بۆ زانکۆکان نێردراوە هاتووە، "لە چوارچێوەی پڕۆسەی دامەزراندن بە گرێبەست بە لەجێدانان لەسەر میلاکی وەزارەتمان و ئەو رێکارانەی بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی پێشکێشکارانی شایستە بە سیستمێکی دادپەروەرانە پەیڕەودەکرێن، بە بەڕێزتان رادەگەیەنین کەوا هەر دەرچوویەک یان زانکۆ کە داوای پشتگیری دەکات بۆ مەبەستی سەرەوە، لەبەرامبەر پێدانی نووسراوی پشتگیری هیچ بڕە پارەیەکیان لێوەرنەگیرێت، چونکە پشتگیرییەکە تەنیا بۆ مەبەستی پێشکێشکردنە".
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ ئەوانەی داوای دامەزراندن دەکەن پێویستمان بە پشتگیرییەکە، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە لەو زانکۆیە دەرچووە، ئێستا بڕیاردراوە تاوەکو داواکارییەکەیان یەکلادەبێتەوە پارەیان لێوەرنەگیرێت".
30ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەسەرپەرشتی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە مرۆییەکانی زانکۆکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی تایبەتمەند لە دیوانی وەزارەت ئامادەبوون، وردەکاری و شێوازی پێشکێشکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنیی تایبەت بۆ لەجێدانانی گرێبەستەکان بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر ناویان گەڕاوەتەوە، بەڵام بە هۆکاری جیاجیا دەستبەکارنەبوون روونکرایەوە".
وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "پاڵپشت بە بڕگەی شەشەم لە رێنمایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەپێی پسپۆڕی یان بڕوانامە، کە ئەمەش پڕۆسەیەکی تەواو شەفاف و دادپەروەر و یەکسانە و سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو بەبێ جیاوازی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەتوانن بە ئەلیکترۆنی داواکاری بۆ دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست لە زانکۆکان پێشکێشبکەن".
هەروەها د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی رایگەیاند، "سیستمەکە رەچاوی خاڵبەندی دەکات بۆ پێشکێشکاران و هەموو ئەوانەی داواکاری بۆ لەجێدانان پێشکێشدەکەن پێویستە مەرج و رێنماییەکان تێدابێت و سیستمەکەش ئاسانکاریی تەواوی بۆ پێشکێشکاران کردووە".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت، بۆ دامەزراندنەکە هەموو کەسێک دەتوانێت داواکاری پێشکێشبکات و لە کۆتاییدا نزیکەی هەزار کەس بە گرێبەست دادەمەزرێن.



