رووداو دیجیتاڵ
وەرزی پێگەیشتنی هەنجیر لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە؛ بەرهەمێک کە نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، بەڵکو وەک "بڕاندێک" ساڵانە هەزاران تۆنی رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و داهاتێکی گەورە بۆ جووتیاران دابین دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 06ـی ئابی 2026، دکتۆر قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستیی ساڵانەی ناوخۆ بۆ هەنجیری فرێش لە نێوان 10 هەزار بۆ 15 هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت. لە وەرزی پێگەیشتندا کە کۆتایی هاوین و سەرەتای پایزە، بەرهەمی ناوخۆ بە تەواوی ئەم پێویستییە پڕ دەکاتەوە."
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، ساڵانە لە نێوان 20 هەزار بۆ 25 هەزار تۆن هەنجیر لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت.
هەنجیری کوردستان بە ناو ناوچەکانیانەوە بووەتە "بڕاند"
بە گوتەی دکتۆر قارەمان قادر، ساڵانە بڕێکی زۆر لە هەنجیری کوردستان بۆ شارەکانی وەک بەغدا، بەسرە و ناسریە رەوانە دەکرێت. ئاستی ناردنی ئەم بەرهەمە لە وەرزی پێگەیشتندا دەگاتە زیاتر لە پێنج بۆ هەشت هەزار تۆن، کە زۆربەی لە رێگەی عەلوەکانەوە ساخ دەکرێنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "هەنجیر بە یەک پاکێج نانێردرێت، بەڵکو لە بازاڕەکاندا ناوی ناوچەکان وەک بڕاندی کواڵیتی بەکاردێن. هەنجیری ئاکرێ و تەقتەق بەهۆی جیاوازیی قەبارە، رەنگ و تامەکەیان زۆربەی جار بە جیا رەوانە دەکرێن، بەڵام هەنجیری هەورامان زیاتر بە وشککراوەیی یان بەبازاڕ دەکرێت".
ئاکرێ؛ پایتەختی هەنجیر و 6 جۆری جیاواز
لە ئاکرێ، هەنجیر نەک تەنیا بەرهەمێکی کشتوکاڵی، بەڵکو سەرچاوەیەکی سەرەکیی بژێوییە. فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا هەنجیری ئاکرێ کەوتووەتە بازاڕ و کیلۆی بە 12 بۆ 18 هەزار دینار دەفرۆشرێت."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ باسی جۆرەکانی هەنجیری ناوچەکە دەکات
یەحیا بەگ: ئەمە بە باشترین و بەناوبانگترین جۆری هەنجیری ئاکرێ دادەنرێت. تایبەتمەندییەکانی بریتین لە رەنگی زەرد، قەبارەی مامناوەند، هەبوونی ریشاڵێکی زۆر لە ناوەکەیدا، هەروەها ئەو شلەیەی لەناویدایە زۆر خەست و شیرینە. ئەم جۆرە لە چاو جۆرەکانی دیکەدا ماوەیەکی زۆرتر دەمێنێتەوە و تێکناچێت.
بێناتێ: ئەم جۆرە قەبارەی مامناوەندە و رەنگی زەردە. جیاوازییەکەی لەگەڵ جۆری یەکەم ئەوەیە کە ریشاڵەکانی ناوەوەی کەمترن و ئەو شلەیەی لەناو چەکەرەکەیدایە خەست نییە، هەروەها توانای مانەوەی کەمترە.
شاکری: قەبارەی زۆر گەورەیە، بەڵام شیرینی و توانای مانەوەی کەمترە.
رەش: ئەم جۆرە هەموو تایبەتمەندییەکانی "یەحیا بەگ"ی تێدایە، تەنیا جیاوازییەکەی رەنگەکەیەتی کە رەشە. ئەم جۆرە خواستی کەمتر لەسەرە بەراورد بە هەنجیرە زەردەکە.
سورخاڵ: ئەم جۆرە دوو چەشنی هەیە؛ یەکێکیان زوو پێدەگات، بەڵام جۆری دووەمیان زۆر درەنگ پێدەگات و هەندێکجار لە کاتی بەفرباریندا دەگاتە قۆناخی لێکردنەوە. قەبارەکەی بە مامناوەند هەژمار دەکرێت.
تەفسکە: ئەمە جۆرێکی "دێمی"یە و لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا پێدەگات. قەبارەی بچووکە و هەردوو رەنگی زەرد و رەشی هەیە. شلەی ناو ئەم هەنجیرە زۆر خەستە و لە هەموو جۆرەکانی دیکە زیاتر بەرگەی مانەوە دەگرێت، هەر بۆیە خواستێکی زۆری لەسەرە.
فێستیڤاڵی هەنجیر لە تەقتەق
لە قەزای تەقتەق، بەرهەمهێنانی هەنجیر گەیشتووەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو. ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق بە رووداوی راگەیاند:"بەهۆی درەنگ پێگەیشتنی بەرهەم، هێشتا کاتی ڤیستیڤاڵی هەنجیریان دیاری نەکردووە، بەڵام بڕیارە هەر لەم مانگەدا بکرێت. پار لە یەک رۆژی ڤیستیڤاڵەکەدا 17 هەزار گەشتیار سەردانی تەقتەقیان کردووە و حەوت تۆن هەنجیر فرۆشراوە".
سەباح حاجی عوسمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەقتەق، بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا پێگەیشتنی بەرهەم دواکەوت و هەفتەی رابردوو هەنجیرمان کەوتە بازاڕەوە، لە سەرەتای پێگەیشتنی بەرهەمداین و هەنجیر کەمە. ئێستا رۆژانە شەش بۆ حەوت تۆن دەخەینە بازاڕەوە و کیلۆی لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار دینارە".
ساڵی 2024 نزیکەی 900 تۆن هەنجیر بەرهەم هەبوو، لە کاتێکدا پار بەرهەمەکە هەزار تۆن بوو.
هەورامان؛ نەخۆشی 90%ـی بەرهەمی لەناو بردووە
بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکە، ئەم ساڵ بۆ رەزە هەنجیرەکانی هەورامان و خورماڵ ساڵێکی سەختە. فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بە رووداوی گوت: "بەهۆی نەخۆشی و بارانی زۆری سەرەتای وەرز کە بووەتە هۆی هەڵوەرینی بەرهەم، ئەم ساڵ بەراورد بە پار 90%ـی بەرهەمی هەنجیر لە سنوورەکەمان کەمی کردووە."
بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ دەڵێت، هەنجیری ناوچەکە کە بە "هەنجیری شاهانە" ناسراوە و زیاتر لە گوندەکانی زەڵم و ئەحمەداوا بەرهەم دێت، کواڵێتییەکی زۆر بەرزی هەیە و کیلۆی لە 5 هەزار دینار کەمتر نافرۆشرێت و هەندێک جار دەگاتە 10 هەزار دینار، چونکە بە گوتەی ئەو "هیچ هەنجیرێک لە تامدا ناگاتە هەنجیری هەورامان."


.webp&w=3840&q=75)

