رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمیی ئاو لە بەشێکی باشووری کوردستان دروست دەبێت، بە گوتەی بەرپرسانی ئاو لە شارە جیاوازەکان، ئەم ساڵ زۆرینەیان کێشەی ئاویان نییە و ئاوی پێویست دابەش دەکەن.
ئاوی هەولێر: کێشەمان نەماوە
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بوو، ئەم هاوینە کێشەی کەمیی ئاومان نییە و زیاتر لە پێویستی بەکارهێنان بەرهەممان هەیە".
لە نزیکەی 20 ساڵی رابردوو هەولێر لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمیی ئاوی بۆ دروست دەبوو، رابەر حوسێن دەڵێت: "ئێستا زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر 24 کاژێر ئاویان هەیە، هەندێک گەڕەکیشمان رۆژ نا رۆژێک ئاویان پێ دەدرێت".
پێشتر هەولێر جگە لە ئیفرازەکانی یەک، دوو و سێ، بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان سوودیان لە ئاوی بیرەکان وەردەگرت، دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای هەولێر، زیاتر لە هەزار بیر کوژێندراونەتەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: "ئێستا بەرهەمی ئاوی رۆژانە 35 هەزار مەتر سێجایە لە کاژێرێکدا، بەگوێرەی پێداویستی نێوخۆ زۆر زیاترە، بۆیە کێشەی کەمیی ئاومان نییە".
رۆژی 08-09-2024، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بهردی بناخهی پڕۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێری دانا.
لە سلێمانی و چەمچەماڵ کێشەی کەمیی ئاو هەیە
لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەم ساڵەوە، ژمارەیەک گەڕەک لە سلێمانی کە ئاویان لەسەر هێڵی دووی ئاوی سلێمانی – دووکانە بەهۆی خراپبوونی پەمپی ئاوەوە کێشەی کەمیی ئاویان بۆ دروستبووە، لە هەندێک گەڕەک دابەشکردنی ئاو دەگاتە هەفتەی جارێک.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پەمپ بۆ پڕۆژەکە دابینکراوە و کارکردن بۆ چاککردنەوە و گەڕانەوەی دابەشکردنی ئاو بۆ دۆخی ئاسایی بەردەوامە.
گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سلێمانی کە کێشەی کەمیی ئاویان بۆ دروستبووە، نزیکەی 30%ـی دانیشتووانی شارەکە پێکدەهێنن. ئامانج جەلال گوتی: "بەگوێرەی بەڕێوەچوونی کارەکان، هەفتەی داهاتوو کێشەکان چارەسەر دەکرێن و دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە".
لە سلێمانی زیاتر لە 190 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرچاوەی زۆرینەیان ئاوی پڕۆژەی سەرچنار و ئاوی هێڵەکانی یەک و دووی دووکان - سلێمانییە.
قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کەم ئاوترین شاری هەرێمی کوردستانە. ئەم ساڵ کێشەی قەزاکە زیاتر بووە، ئەویش دوای ئەوەی هێڵێکی ئاوی سلێمانی کێشەی بۆ دروستبووە، چونکە بەشێکی ئاوی شارەکە لەو سلێمانییەوە دابین دەکرێت.
ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەمچەماڵ، شۆڕش و ناحیەی تەکیە کێشەی کەمئاوییان هەیە. ئێستا 16 بۆ 17 رۆژ جارێک ئاومان بۆ بەردەدرێتەوە، چونکە تێکچوونی ترۆمپای هێڵەکانی ئاوی سلێمانی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاوی ناوچەکەمان هەبووە".
زیاتر لە 10 ساڵە سنووری قەزای چەمچەماڵ کێشەی کەمئاوی هەیە. بۆ چارەسەربوونی ئەم کێشەیە 26ـی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کرا و 30ـی هەمان مانگ کارکردن تێیدا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە نێوەڕاستی مانگی ئایار کارکردن بۆ ماوەیەک تێیدا وەستا و دواتر دەستیپێکردەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیکەی 50%ـی کارەکانی تەواو کراوە.
بەرپرسانی کەرکووک و دهۆک: دۆخی ئاو باشە
بەرپرسی دابەشکردنی ئاو لە دهۆک دەڵێت، دابەشکردنی ئاو لە سنوورەکەیان باشە، جگە لە یەک گەڕەک و ئەویش چارەسەرکردنی لە کۆتاییدایە.
ئۆغانیس حەنا، بەرپرسی دابەشکردنی ئاوی دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگشتی ئاوی دهۆک باشە، چلەی هاوینە و دەکرێ جار جار گلەیی هەبێ، بەڵام رۆژ نا رۆژێک ئاو بۆ گەڕەکەکان بەردەدرێتەوە جگە لە گەڕەکی ئیتیتێ".
بەرپرسی دابەشکردنی ئاوی دهۆک گوتی: "بۆ ئیتیتێ و دەوروبەری پڕۆژەیەکمان هەیە و کارەکانی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، لە یەک مانگی داهاتوودا کارەکانی تەواو دەبێت و کێشەی ئەو لەو سنوورەش کۆتایی دێت".
هیوا رەشید، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک، ئەمڕۆ 6ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەنتەری دهۆک دۆخی ئاو باشە و بەگشتی رۆژی جارێک ئاو بۆ هاوبەشان بەردەدرێتەوە".
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، چەند کۆڵانێکی بەشێک لە گەڕەکەکان ئاویان وەکو پێویست نییە و لەبارەی هۆکارەکەیەوە گوتی: "دوو ساڵ پێش ئێستا بۆری ئاو براوە بۆ کۆڵانێک ، ئێستا بەبێ نەخشەی ورد کۆڵان بووە بە شەش کۆڵان، بێگومان لەو شوێنانە کە لە نەخشەی بنەڕەتی شاردا نین کێشەی کەمیی ئاو هەیە".
هەڵەبجە و گەرمیان دەڵێن کێشەیان نییە
وەکو قایمقامی شارەکە باسی دەکات، هەڵەبجە یەکێکە لەو شارانەی کێشەی کەمیی ئاویان نییە، مەگەر "کێشەیەکی تەکنیکی دروستبێت".
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە ئەمڕۆ 6ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کێشەی ئاومان نییە، هەموو رۆژێک ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شارەکەمان بەردەدرێتەوە".
ساڵانی رابردوو لە گوندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان کێشەی کەمئاوی دروست دەبوو، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری ناوچەکە دەڵێ، ئەم ساڵ هیچ گوندێکی سنوورەکە کێشەی نەبوونی ئاوی نییە.
نەوزاد حەمید، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی کەمیی بارانبارینەوە، 20 گوندی گەرمیان رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی دەبوونەوە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ هیچ گوندێکمان نییە کێشەی کەمئاوی هەبێت".
.webp&w=3840&q=75)


