رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە بە فەرمانبەران واژۆ کرد. بەپێی بڕیارەکە ماوەی مۆڵەتەکە کەمکراوەتەوە و وەزیرەکان دەسەڵاتی پێدانی دوو ساڵ مۆڵەتیان دەبێت.
بەپێی بڕیاری ژمارە 300ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 22-07-2026 بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، وەزیر و سەرۆکی ئەو دەستانەی بە وەزارەتەوە بەستراو نین، دەسەڵاتیان پێدراوە مۆڵەتی بێ مووچە بدەنە ئەو فەرمانبەرانەی داوای دەکەن، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە بڕیارەکەدا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر مۆڵەتی بێ مووچە پێنج ساڵ بوو، دوای ئەو پێنج ساڵە فەرمانبەر دەیتوانی بۆ ماوەیەک دەوام بکاتەوە و دووبارە داوای مۆڵەت بکاتەوە کە دەبووە 10 ساڵ، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە مۆڵەتەکە بووەتە تەنیا دوو ساڵ."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و گوتیشی: "بڕیارە کۆنەکە راستەوخۆ هەڵوەشایەوە."
لە بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، وەزیر و سەرۆکی دەستەی نەبەستراوە بە وەزارەت مافی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە، ئەو ماوەیەی فەرمانبەر لە مۆڵەتی بێ مووچەدا دەبێت، بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت. هەروەها کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 38ـی ساڵی 2015 راگیرا.
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، تاوەکو تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکانیان بەردەوام دەبن، بەڵام بۆ جارێکی دیکە مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە. وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردراون بۆ دەرکردنی رێنمایی پێویست بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.


.webp&w=3840&q=75)

