رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمڕۆوە شوفێران دەتوانن مۆڵەتی شۆفێری هەڵنەگرن و تەنیا لە بەرنامەی KRDpass تۆماری بكەن.
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لەئەمڕۆ بەدواوە شۆفێران دەتوانن مۆڵەتی شۆفێرییان لە KRDpass تۆمار بكەن و لەکاتی گەیشتنیان بە بازگەی کاتی هاتووچۆ لەو ئەپەوە مۆڵەتەکانیان پیشانی پۆلیسی هاتووچۆ بدەن.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە تێیدا هاتووە، "پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆی ساڵی 2009 بڕیاردرا هەڵگرتن و خستنەڕووی مۆڵەتی شۆفێری لە كاتی داواكردنی لەلایەن ئەفسەر یان كارمەندی هاتووچۆ، بەشێوەی كارت و بەشێوازی دیجیتاڵی بێت كە بەردەستە لەسەر ئەپلیکەیشنی KRDpass لەسەر ئامێرە زیرەكەكانی پەیوەندی".
هێمن ئەمین گوتی: "گشت خەسڵەتە ئەلیكترۆنی و نیشانە تەكنیكییەكان بۆ هەڵگرتنی مۆڵەتی شۆفێری دیجیتاڵی لە لایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێم دیاریکراوە، بۆیە هیچ جیاوازییەک لەنێوان کارتەکە و دیجیتاڵییەکە نییە."

.webp&w=3840&q=75)

