رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نوێترین ئاماری پڕۆژەی (هەژماری من)ـی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و راگەیاند، زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار مووچەخۆر فۆرمیان پڕکردووەتەوە و 100 هەزار مووچەخۆریش تاوەکو ئێستا فۆرمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 06ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 مووچەخۆر هەن، کە لە عێراقەوە مووچەکانیان وەردەگرن، لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 100 مووچەخۆر فۆرمی (هەژماری من)ـیان پڕکردووەتەوە."
سەبارەت بە دابەشکردنی کارتە بانکییەکان، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد "زیاتر لە 920 هەزار مووچەخۆر کارتی هەژماری منیان وەرگرتووەتەوە و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی بەردەوام کاری تێدا دەکرێت."
بەپێی ئەو ئامارە بێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار مووچەخۆر فۆرمیان پڕنەکردووەتەوە و 180 هەزار مووچەخۆریش کارتی بانکییان وەرنەگرتووەتەوە.
وەزارەتی دارایی ئەو مووچەخۆرانە ئاگادار دەکاتەوە کە فۆرمیان پڕنەکردووەتەوە: "کاتی زۆر نەماوە پێویستە بە زووترین کات فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە، ئەگەر نا مووچەکانیان دەوستێت، هەروەها ئەو کەسانەی نامەیان بۆ گەڕاوەتەوە، بە زووترین کات سەردانی بنکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە."
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی: "ئەو مووچەخۆرانەش کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، دەبێت هەژماری من پڕبکەنەوە، بەشێکیان پڕیانکردووەتەوە و پڕۆسەکە بۆ ئەوانیش بەردەوامە، کە ژمارەیان نزیکەی 70 هەزار مووچەخۆرە".
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، یەک ملیۆن و 190 هەزار و 391 مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە مانگانە پێویستیان بە 945 ملیار و 817 ملیۆن دینار هەیە.
مەترسیی بڕینی مووچە لەلایەن بەغدا
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە لە 23-06-2026 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بڕیار لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران دراوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا هۆشداریی تووند دراوە و هاتووە: "بەپێی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک تاوەکو رێکەوتی 31-08-2026 ناوی تۆمارنەکرابێت و کارتی بانکی وەرنەگرتبێتەوە، شایستە داراییەکانی لەلایەن بەغداوە رادەگیرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت."
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا بۆ مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.


.webp&w=3840&q=75)

