رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان دەڵێت، بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ هیچ گوندێکی سنوورەکە کێشەی نەبوونی ئاوی نییە و تەنیا گرفتی نۆژەنکردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانیان هەیە.
نەوزاد حەمید، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی کەمیی بارانبارینەوە، 20 گوندی گەرمیان رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی دەبوونەوە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ هیچ گوندێکمان نییە کێشەی بێئاوی یان کەمئاویی هەبێت."
سەبارەت بە گرفتەکانی ئێستای ئەو کەرتە، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە کێشەی دابینکردنی ئاو چارەسەر بووە، بەڵام لە ئێستادا کێشەی نۆژەنکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاوی گوندەکانیان هەیە کە پێویستیان بە چاکسازی و ئاوڕدانەوەی زیاترە.
بەهۆی بارانبارینی باشی وەرزی رابردوو، ئاستی ئاوی ژێرزەوی و سەرچاوە ئاوییەکان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەراورد بە ساڵانی وشکەساڵی، زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە؛ ئەوەش گرفتی ئەو گوندانەی رەواندووەتەوە کە پێشتر بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرا.
ئەم ساڵ 6 بەنداو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان سەرڕێژ بوون، ئەوەش کاریگەریی زۆری لەسەر بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی هەبووە.



