رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رەتیدەکاتەوە کارکردن لە بەنداوی دووین لە پارێزگای هەولێر راگیرابێت و دەڵێ، گۆڕانکاری لە دیزانەکەیدا دەکرێت.
نزیکەی دوو ساڵە بەردی بناخەی بەنداوی دووین لە ناوچەی شێخ تورابی هەولێر دانراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کارەکانی تەواو نەکراوە و دەنگۆی راگرتنی کارەکانی هەیە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە بەشە وردەکانی بەنداوەکە رانەگیراوە و قۆناخێکی کارەکانیشی تەواو کراوە".
16ـی ئەیلوولی 20204 بەردی بناخەی بەنداوی دووین لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دانرا. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: "بەنداوەکە زۆر گرنگە و بێگومان تەواو دەکرێ، ئەوەی هۆکارە کارەکانی بە خاوی بکرێن ئەوەیە بڕیاردراوە دیزاینەکەی بگۆڕێت، ئەویش بەو هۆکارەی کاروبارەکانی باشتر بکرێن و سوودی زیاتری هەبێت".
بەنداوی دووین، توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەترسێجا ئاوی دەبێت، بە شێوازی كۆنكرێتیی ئاڕ سی سی دروست دەكرێت، 75 مەتر بەرز و 320 مەتر درێژ دەبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پێشووی حکومەت "بەنداوەكە جگە لە پەرەپێدانی سامانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و كشتوكاڵ، دیمەنێكی جوان بە ناوچەی گەشتیاریی دووین دەبەخشێت و جووڵەی گەشتیاریی ناوچەكە زیاد دەكات".



