رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بۆ یەکەمجار دەستی بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کرد بەمەبەستی جیاکردنەوەیان لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، پڕۆسەکە بەخۆڕاییە و هیچ بڕە پارەیەک لە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان وەرناگیرێت.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ رامانگەیاند دەتوانرێت تابلۆی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە جیابکرێتەوە. گۆڕینی تابلۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە کە بەتەواوی کارەبایین، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت، ئێمە وەک هاتووچۆی هەولێر دەستپێشخەریمان کردووە و لە ئەمڕۆوە جێبەجێمانکردووە".
بەگوتەی هێمن ئەمین، هەر ئەمڕۆ توانیویانە شەش مامەڵە راییبکەن.
لەبارەی تێچووی گۆڕینی تابلۆکان، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دڵنیاییدایە هاووڵاتییان کە کارەکە بێبەرامبەرە و گوتی، "گۆڕینی تابلۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەخۆڕاییە و هیچ بڕە پارەیەک وەرناگیرێت. تەنیا کەسی خوازیار داواکارییەک پێشکێشدەکات و لە ماوەی یەک بۆ دوو کاژێردا تابلۆکەی بۆ دەگۆڕدرێت، گۆڕانکارییەکەش تەنیا ئەوەیە کە لە تەنیشت ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە، لۆگۆیەکی تایبەت بە کارەبا زیاددەکرێت."
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی راگەیاند. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، جیاکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە لەوانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن بۆ پاراستن و ئامادەکاری لەکاتی رووداوە نەخوازراوەکاندا.
لە چەند ساڵی رابردوودا، خواست لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، ئەم هەنگاوەی هاتووچۆش وەک رێکارێکی ئامادەکاری و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان و پاراستنی ژینگە دادەنرێت.




