رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان سیستمی دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی حکومی گۆڕی و رایگەیاند، لەمەودوا هەر شۆفێرێک تەنیا 4 رۆژ جارێک دەتوانێت بەنزینی 750 دیناری وەربگرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-08-2026 یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە وێستگەی برایان لە کاژێر 07:00ی بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی بەنزین کرا."
لە گەرمیان یەک بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکات.
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، لەپێناو سوودوەرگرتنی تەواوی شۆفێران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، دابەشکردن بە پێی سیستمی ئەلیکترۆنی دەبێت.
یادگار فەتاح گوتی، "هەر شۆفێرێک چوار رۆژ جارێک، بە کارتی ئەلیکترۆنی دەتوانێت سوودمەند بێت."
هاوکات بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە 21 بەنزینخانەی سنوورەکە بەنزین لیتری بە 750 دینار دابەش دەکرێ و مەرجی وەرگرتن هەبوونی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنییە.
لە 28ی تەممووزەوە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە هەولێر بووەتە کارتی ئەلیکترۆنی.
ئەوەی کە پەیوەندی بە سلێمانییەوە هەیە، فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە رووداوی گوت، رۆژانە لە پێنج بەنزینخانەی سنوورەکە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێ.
.jpeg&w=3840&q=75)



.jpeg&w=3840&q=75)