رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، هاونیشتمانییەک کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی شاری کردبوو، گیانی لەدەستداوە و کەس نییە تەرمەکەی وەربگرێتەوە. بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، هیچ ناسنامەیەکی لەگەڵ خۆی هەڵنەگرتووە و ناونیشانی نازانرێ.
ئاری لەتیف، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەرمەکە ئێستا لە پەیمانگای پزیشکی دادوەریی سلێمانییە و داوامان کردووە کەسوکاری یان هەر کەسێک کە زانیاری لەبارەیەوە هەیە سەردانی پزیشکی دادوەریی سلێمانی یان بنکەی پۆلیسی کوردسات بکەن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، هاونیشتمانییەکە پیاوە و تەمەنی لەنێوان 55 بۆ 65 ساڵدایە. باڵای مامناوەندە و رەنگی چاوی قاوەییە.
بە گوتەی ئاری لەتیف، هاونیشتمانییەکە دوێنێ 4ـی ئاب گیانی لەدەستداوە. کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی شاریش دەڵێن، کەسەکە بەتەنیا و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر چووەتە نەخۆشخانەکەیان.

.jpeg&w=3840&q=75)

