رووداو دیجیتاڵ
نرخی مریشک لە 3200 دینارەوە بۆ 2500 دینار دابەزیوە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێ، هۆکارەکەی زۆریی بەرهەمە. سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەن کێڵکەگانی پەلەوەریش دەڵێ، ناتوانن مریشک هەناردە بکەن و بەهۆی ڤایرۆسەوە زیاتر لە نیوەی مریشکەکانیان مردار بوونەتەوە.
بەرهەم زۆرە و هەناردەکردن بۆ عێراق زەحمەتە
هاوڕێ عەلی، خاوەن پڕۆژەیەکی پەلەوەرە لە چەمچەماڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئالیکی مریشک لە نزیکەی 600 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی 800 هەزار دینار بەرز بووەتەوە. گاز و دەرمانیش گران بووە و لەبەرامبەرا نرخی مریشک نزیکەی 750 دینار هەرزان بووە. ئەمە جگە لە زەرەر هیچی دیکەی بۆ ئێمە نییە."
هاوکات سالم مارف، خاوەن پڕۆژەیەکی دیکەی پەلەوەر لە سلێمانی، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "تێچووی مریشکێکی ساخ تاوەکو گەورە دەبێت 2400 دینارە، ناچارین بە زەرەر بیفرۆشین، چونکە مریشک وەک شتی دیکە نییە، دوای 50 رۆژ بەخێوکردن دەبێ ساخبکرێتەوە و ناتوانین گلیانبدەینەوە. ئەگەر کیلۆی هەزار دیناریش بێ، دەبێ بیفرۆشین بۆئەوەی مردار نەبنەوە."
لەبارەی هۆکاری هەرزانبوونی مریشکەوە، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکارەکەی زۆریی بەرهەمە. ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 هەزار تۆن مریشک بەرهەم دێت، لە کاتێکدا پێویستیی نێوخۆ 150 هەزار تۆنە."
هاوکات نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بە رووداوی گوت، گرنگە کارئاسانی بۆ هەناردەکردنی مریشک بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێ و رایگەیاند، هەناردەکردنی مریشک بۆ عێراق تێچووی زۆرە "بە جۆرێک بۆ ناردنی 10 تۆن مریشک، دەبێ 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار بدەینە بازگەکان."
سەبارەت بە هەرناردەکردنی مریشک بۆ عێڕاق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دان بەوەدا دەنێ، هەناردەکردن زەحمەت بووە و عێراقیش مریشک هاوردە ناکات.
چاودێریکردنی کێلگە پەلەوەرییەکان
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ بۆ رووداو، 2010 پڕۆژەی بەمۆڵەت و نزیکەی 200 پرۆژەی بێ مۆڵەتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن. بەشێک لە خاوەن پرۆژە بەمۆڵەتەکان دەڵێن، ساڵانە نزیکەی 3 ملیۆن دینار دەدەنە سەرپەشتیاران، بەڵام پڕۆژەکانیان کەم چاودێری دەکرێن یان هەر چاودێری ناکرێن.
نازم عەبدوڵڵا گوتی: "دەبێ دوو ساڵ جارێک مۆڵەتی پڕۆژەکانمان نوێ بکەینەوە. ئەگەر پارەی سەرپەرشتیارمان نەدابێت، مۆڵەتەکەمان نوێ ناکرێتەوە؛" گوتیشی: "سەرپەرشتیاری پرۆژەکەی من هەر نازانێ کێڵگە پەلەوەرییەکەم لە کوێیە."
سالم مارف و هاوڕی عەلیش قسەی سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن: "ئەگەر سەرپەرشتیارەکان سەردانمان ناکەن، بۆ دەبێ پارەیان پێ بدەین؟"
لەم بارەیەوە فیراس سدیق گوتی: "دەکرێ سەرپەرشتیارەکانیان بگۆڕن و بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتی لێ ئاگاداربکەنەوە، چونکە بەپێی بڕیار سەرپەرشتیار دەبێ رۆژانە لەنێو کێڵگەکان کاربکات."
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە کێڵگە پەلەوەرییەکان
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، سێ ڤایرۆس بە ناوەکانی ئای بی، نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ لەنێو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبوونەتەوە و نزیکەی 40%ـی بەرهەمی خاوەن پڕۆژەکانیان لەناوبردووە.
هاوڕێ عەلی دەڵێ، هەر ڤاکسینێکیان بۆ بەکاردەهێنن سوودی نییە، چونکە کواڵیتیی ڤاکسینەکان زۆر دابەزیوە. سالم مارفیش لەم بارەوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە 20 تۆن مریشکی فڕێ داوە.
خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر داوا دەکەن، حکومەت خۆی چاودێری دەرمان و ڤاکسینەکان بکات و رێگە نەدات دەرمان ببێتە بابەتێکی بازرگانی.
ئێستا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان بە 2500 دینارە و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا لە نێوان 3200 بۆ 3750 دینارە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی، مریشک بە دوو قۆناخ دەگاتە دەست هاونیشتمانییان. قۆناخی یەکەم، ئەو بریکارانەن کە لە کێڵگەکان مریشک دەکڕنەوە و لە قۆناخی دووەمدا دەیفرۆشنەوە بە دووکاندارەکان.



