رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێ، بەهۆی تێکچوونی پەمپەکانی هێڵی ئاوی سلێمانی، کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکەدا قووڵتر بووەتەوە و ئێستا 17 رۆژ جارێک ئاو دەگاتە ماڵەکان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانە دوو ملیۆن لیتر ئاو بە تەنکەر بۆ قەزاکە و دەوروبەری دابین دەکرێ.
رۆژی سێشەممە، 04ـی ئابی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەمچەماڵ، شۆڕش و ناحیەی تەکیە کێشەی کەمئاوییان هەیە. ئێستا 16 بۆ 17 رۆژ جارێک ئاومان بۆ بەردەدرێتەوە، چونکە تێکچوونی ترۆمپای هێڵەکانی ئاوی سلێمانی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاوی ناوچەکەمان هەبووە."
سەبارەت بە هەوڵە فریاگوزارییەکان، قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای دانەگاز رێککەوتووە کە رۆژانە دوو ملیۆن لیتر ئاو بە تەنکەر بۆ حەوزەکان بنێرن، کە ملیۆنێک و 700 هەزار لیتری بۆ شۆڕش و چەمچەماڵە و 300 هەزار لیتریشی بۆ ناحیەی تەکیەیە.
ئاسۆ بەکر ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی کۆبوونەتەوە و بەڵێنیان پێداون دوای چارەسەرکردنی کێشەی هێڵەکانی ئاوی سلێمانی، رۆژانە 30 هەزار مەتری سێجا ئاویان بۆ بنێرن.
بەشێک لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سلێمانی زیاتر لە مانگێکە کێشەی درەنگ گەیشتنی ئاویان بۆ دروستبووە. ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە رووداوی گوت، تیمەکانیان خەریکی چاککردنەوەی پەمپەکانن و تاوەکو هەفتەی داهاتوو کێشەکە چارەسەر دەبێت.
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، قەزاکە رۆژانە پێویستی بە 30 بۆ 35 هەزار مەتری سێجا ئاوە، بەڵام ئێستا تەنیا 13 بۆ 16 هەزار مەتری سێجا ئاو بەردەستە. ئاسۆ بەکر دەڵێ: "ئەم بڕە زۆر لە پێویستییەکەمان کەمترە. ئەگەر کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەوکاتە 9 بۆ 10 رۆژ جارێک ئاو دەگاتە ماڵەکان."
10 ساڵە سنووری قەزای چەمچەماڵ کێشەی کەمئاوی هەیە. بۆ چارەسەربوونی ئەم کێشەیە 26ـی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کرا و 30ـی هەمان مانگ کارکردن تێیدا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە نێوەڕاستی مانگی ئایار کارکردن بۆ ماوەیەک تێیدا وەستا و دواتر دەستیپێکردەوە.
بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی (گۆپتەپە - چەمچەماڵ) کێشەکانیانی ئاوی ئەو قەزایە کۆتایی بێت.




