رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سلێمانی زیاتر لە مانگێکە کێشەی درەنگ گەیشتنی ئاویان بۆ دروستبووە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێ، تیمەکانیان خەریکی چاککردنەوەی پەمپەکانن و تاوەکو هەفتەی داهاتوو کێشەکە چارەسەر دەبێت.
رۆژی سێشەممە 4ی ئابی 2026 ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە مانگێکە 30%ی گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سلێمانی کێشەیان هەیە و پێدانی ئاویان دوادەکەوێ. ئەو گەڕەکانەش دەکەونە سەر هێڵی دووی ئاوی سلێمانی."
سەبارەت بە هۆکاری کێشەکە، ئامانج جەلال گوتی، "گرفتەکە لە پەمپی ئاوی بۆرییەکانەوە بووە کە تێکچووە، ئێستاش تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی کارکردن و چاککردنەوەین."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی باسی لەوەش کرد، "تاوەکو هەفتەی داهاتوو، کێشەکە بەتەواوی چارەسەر دەکرێ و پێدانی ئاو بە گەڕەکەکانی ئەو ناوچانە ئاسایی دەبێتەوە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 480 هەزار بەرمیل ئاوە، بەڵام ئەوەی لە توانای بەرهەمهێنانیدایە تەنیا 250 هەزار بەرمیلە.




