رووداو دیجیتاڵ
پەنابەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی وەرنەگرتنی کەیسەکەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لەبەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی-08-2026، بە رووداوی راگەیاند، مستەفا قاسمی حەسەنوەند، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی شاری ئەلەشتەری سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 2023 بەهۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا، دواتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرچوو و چووە هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی حیزبەکە گوتیشی، مستەفا قاسمی، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "قاسمی ماوەیەک بوو دەچووە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای دانیشتن و وەرگرتنی مافی پەنابەری دەکرد، بەڵام وەڵامیان نەدەدایەوە. بەهۆی بێ هیوایی و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەردەم نوێنەرایەتیی ئەو رێکخراوە لە هەولێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا."
تەرمی مستەفا قاسمی لە ناوچەی جەژنیکان بەخاک سپێردرا.
ئەو پەنابەرە سیاسییە باوکی منداڵێک بوو و کەسوکارەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێن.
پێشتریش وەرنەگرتنی دۆسیەی پەنابەری لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رووداوی هاوشێوەی لێکەوتووەتەوە، لەوانەش بەهزاد مەحموودی، پەنابەری 25 ساڵەی خەڵکی بۆکان لە 18ی ئایاری 2021 لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر.




