رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئەو زیندانیانە دەستپێکردووە کە کارتیان نییە. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێ، زیاتر لە دوو هەزار زیندانی لەم پڕۆسەیە سوودمەند دەبن.
رۆژی سێشەممە، 04ـی ئابی 2026، ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستکراوە بە دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئەو زیندانیانەی کارتەکەیان نییە کە ژمارەیان 2 هەزار و 335 زیندانییە. پڕۆسەکە لە هەولێر و دهۆک لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە و لە سلێمانیش چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە."
لەبارەی رێکاری بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێ، لیژنەیەکی هاوبەشیان لەنێوان چاکسازییەکان و وڵاتینامەی پارێزگاکان پێکهێناوە. زیندانییەکان لە هۆڵەکاندا ئاگادار دەکرێنەوە تاوەکو پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن بۆ ئەوەی پێداویستی و بەڵگەنامەکان بێننە چاکسازییەکان.
ئیحسان عەبدولرەحمان گوتی: "حکومەتی عێراق هەموو پێداویستییەکی بۆ ناردووین، بەڵام داوای پارەمان کرد بۆ راییکردنی مامەڵەکان و بۆیان دابین نەکردین، بۆیە ئێستا هەر زیندانییەک 6 هەزار دینار بۆ وەرگرتنەوەی کارتە نیشتمانییەکەی دەدات."
دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ زیندانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرمانگەکانی وڵاتینامەی بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئەو کەسانەی لەنێو چاکسازییەکانن بێبەش نەبن لە خاوەندارێتیی بەڵگەنامە فەرمییەکان.
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی گەوران هەن کە شەش هەزار و 400 زیندانی تێدایە. جگە لە چاکسازیی گەوران، سێ چاکسازیی دیکەی تایبەت بە ژنان و منداڵانیش لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن.




