رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی سۆرکانی سەر بە ناحیەی گردەسێنی قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک، ئاوەڕۆی ماڵان دەڕژێتە نێو ئەو بیرانەی کە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاون بۆیان، بەو هۆیەوە ئاوەکەیان هێندە پیس بووە کە جگە لەوەی بۆ خواردنەوە ناشێت، بووەتەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گورچیلە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 کەس لە دانیشتووانی گوندەکە نەشتەرگەریی گورچیلەیان بۆ کراوە.
گوندی سۆرکان، کە نزیکەی 85 ماڵی تێدایە، تەنیا 200 مەتر لە زێی گەورەوە دوورە، بەڵام دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2007ـەوە کێشەی نەبوونی ئاوی پاکیان هەیە. بیرە کۆنەکەی گوند لەکارکەوتووە و ئێستا خەڵکەکە پشتیان بە چەند بیرێک بەستووە کە قووڵییان نزیکەی 10 مەترە و ئاوەڕۆی ماڵەکانی تێ دەڕژێ.
ئاوی پیسی گوندەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستیی دانیشتووانەکەی جێهێشتووە. هوجام فەقێ، گوتاربێژی مزگەوت و دانیشتووی گوندی سۆرکانە و یەکێک لە قوربانییەکان، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "بەهۆی ئاوی پیسەوە نەشتەرگەریی گورچیلەم بۆ کراوە، چونکە بەردی 13 ملمم بۆ دروستبوو. زۆربەی خەڵکی گوند بەردی گورچیلەیان بۆ دروستبووە."
فەیسەڵ عەبدوڵڵا، مامۆستایەکی قوتابخانەی گوندەکەیە و باس لەوە دەکات کە چۆن ناچارە بە ئۆتۆمبێلەکەی لە گوندی کۆلەکەی دراوسێیان ئاوی پاک بۆ ماڵەوە ببات. ئەو هاونیشتمانییە لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "دوو رۆژ لەمەوپێش کەسێک بەناوی حوسێن مەهدی، کە پێشتر نەشتەرگەریی گورچیلەی بۆ کرابوو، دیسانەوە بەردی گورچیلەی بۆ دروستبوو و نەشتەرگەری کردەوە."
بە گوتەی فەیسەڵ، مانگی سێی ئەم ساڵ نەخۆشییەک لەنێو گوندەکەدا بڵاوبووەوە و وایانزانیوە کۆرۆنایە، بەڵام دوای سەردانی پزیشک، پێیان گوتراوە کە هۆکارەکەی پیسیی ئاوە. ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، "کەسوکارمان سەردانمان ناکەن و دەڵێن ئاوەکەتان پیسە."
یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە دەڵێت: "هەرچی پیسی هەیە بیهێنە بەرچاوت، لەم بیرەدا هەیە؛" ئاماژە بەوە دەکات کە "پێڵاو و دایبی" لەنێو بیرەکاندا دۆزراونەتەوە.
چەلەبی رەمەزان، موختاری گوندی سۆرکان دەڵێ، لە ساڵی 2007ـەوە بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکات و چەندین جار سەردانی قایمقامییەت و پارێزگای دهۆکی کردووە. ئەو هاونیشتمانییە لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "لە ساڵی 2021 بەڵێنی لێدانی بیرێکی ئیرتوازییان پێداین و فەرمانگەی ئاوی ئاکرێ گوتی، 59 ملیۆن دینارتان بۆ خەرج دەکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچی بۆ نەکراوە."
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی گردەسێن دەڵێ، ئاگاداری کێشەکە نەبووە، بەڵام دوای بەدواداچوون بۆی دەرکەوتووە کە "رەزامەندیی لێدانی بیرێک بۆ گوندی سۆرکان هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پارە بەردەست نییە." ئەو هاونیشتمانەیە داوا لە دانیشتووانی گوندەکە دەکات سەردانی ناحیە بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە کێشەکانیان بگرێت.
بەڵام زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، چارەسەری کێشەکە بە لێدانی بیر نابینێت و بە رووداوی گوت: "لێدانی بیر لەو گوندە هیچ سوودی نییە، چونکە ئاوی ژێرزەوی کەمە."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، تەنیا چارەسەر "پڕۆژەیەکی ئاوە هاوشێوەی پڕۆژەی ئاوی هەولێر لەسەر زێی گەورە" کە کێشەی هەشت گوند چارەسەر دەکات. زرار ئەحمەد دەشڵێت: "پلان بۆ ئەو پڕۆژەیە ئامادەیە، بەڵام پارە نییە بۆ جێبەجێکردنی."
لە کاتێکدا بەرپرسانی سنوورەکە باسی نەبوونی بودجە دەکەن، دانیشتووانی گوندی سۆرکان رۆژانە رووبەڕووی مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئاوی پیس دەبنەوە. فەیسەڵ عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئاو سەرچاوەی ژیانە، ئەگەر ئاوی پاک نەبێت، داهاتووی خەڵکی گوندەکەمان بەرەو چەندین نەخۆشیی ترسناک دەڕوات."


