رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە لە پرسەدا لەنێو مزگەوتەکان، جگە لە ئاو، دابەشکردنی هەر جۆرە خواردن و شیرینییەک و بردنی ستافی تایبەتی خزمەتگوزاری (VIP) قەدەخەیە.
لە دوو رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا ستافێکی تایبەتی خزمەتگوزاری (VIP) لە پرسەیەکدا لەنێو یەکێک لە مزگەوتەکانی دهۆک خەریکی دابەشکردنی شیرینی و خزمەتگوزاری بوون و ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
رۆژی سێشەممە، 4ی ئابی 2026 سەرمەد ئالیخان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کارەی روویدا بێ ئاگاداری و رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە و فەرمانبەرانی مزگەوتەکە بووە. لەلایەن خاوەن پرسەکەوە ئەو ستافە برابوو."
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک دەڵێ، دەستبەجێ هۆشدارییان داوەتە خاوەنی ئەو شیرەمەنییەی ستافەکەی ناردووە و پێیان راگەیاندووە: "بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەو کارە لەنێو هۆڵی پرسەی مزگەوتەکاندا دووبارە بکەنەوە و ئەم دیاردەیە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی دهۆک، لەنێو هۆڵی پرسەکاندا تەنیا رێگە بە دابەشکردنی ئاو دەدرێ و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "لە هەموو هۆڵەکاندا تابلۆمان هەڵواسیوە و رێنماییەکانمان تێدا نووسیوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە خاوەن پرسەکان پێوەی پابەند نین."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک باسی لەوەشکردووە، مزگەوت شوێنی پەرستنە و پرسەش دەبێت بەپێی رێوڕەسمە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بێت و نەبێتە شوێنی خەرجکردنی پارەی زۆر و دیاردە نامۆکان.




