رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی دانیشتووی رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، لە کاتی راوەماسیدا لە ئاوی زێی بچووک خنکا. بەرگریی شارستانی دەڵێ، تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە و رەوانەی دادپزیشکی کراوە.
رۆژی سێشەممە، 04ـی ئابی 2026، هەمزە عەباس، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەڵادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە رووداوێکی خنکان لە ئاوی زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر ئاگادارکراینەوە و دەستبەجێ تیمەکانمان رۆیشتن بۆ شوێنی رووداوەکە."
رووداوەکە کاژێر 03:30ـی دوای نیوەڕۆی روویداوە. بە گوتەی هەمزە عەباس، تیمەکان دوای گەیشتنیان توانیویانە بە کەمتر لە 30 خولەک تەرمەکە بدۆزنەوە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەڵادزێ گوتی، ئەو کەسەی خنکاوە خەڵکی وەرتێ و دانیشتووی رانیە بوو، بە مەبەستی گەشت و سەیران لەگەڵ خێزانەکەیدا چووبووە سەر زێی بچووک، بەڵام کاتێک بۆ راوەماسی چووەتە نێو ئاوەکە، خنکاوە.
هەمزە عەباس دەڵێ، تەرمەکە رەوانەی داد پزیشکی قەڵادزێ کراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.




