رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە 21 بەنزینخانەی هەولێر و قەزاکانی سنووری پارێزگاکە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت. هەروەها ئەمڕۆ نرخی سێ جۆرەکەی بەنزینی بازرگانی لە هەولێر و دەوروبەری بەرزبووەوە.
بۆ هاوسەنگی بازاڕ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو شارەکان بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکات. لە هەولێر دوو مەرج دانراوە بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری، یەکەم دەبێت کارتی سووتەمەنی هەبێت، دووەم دەبێ لە 28ـی مانگەوە کە وەرگرتنی بەنزین کراوەتە کارت، هیچ بەنزینی وەرنەگرتبێت.
ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە شاری هەولێر و دەوروبەری لە زۆرینەی بەنزینخانەکان کراوە بە 1200 بۆ 1250 دینار، لە هەندێک بەنزینخانە کە بەنزینی کۆنیان ماوە هێشتا لیتری بە 1175 دینار دەفرۆشرێت. تاوەکو دوێنێ لە زۆرینەی بەنزینخانەکان لیتری لەنێوان 1150 بۆ 1175 دینار بوو.
ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی موحەسەن لە هەولێر لەنێوان 1500 بۆ 1900 دینارە و لە هەندێک بەنزینخانە لیترێک بەنزینی سووپەر 2000 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.
لە 30ـی تەمموز، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی لە 1150 دینارەوە بەرزکرایەوە بۆ 1200 دینارە. هەروەها موحەسەن بە 1550 دینارە و سوپەر بە 1700 دینار و تاوەکو ئەمڕۆ نرخەکە جێگیرە.
لە 6ی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار و ئەمڕۆ هەزار و 200 دینارە. پێش ئەو رێککەوتە لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزین 850 بۆ 900 دینار بوو.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ـی تەمموز وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێ. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسەنی بە هەزار دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاریکرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ـی تەمموز دۆخەکە ئاسایی بووەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)

