رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە رایگەیاند، رۆژانە 4 هەزار 812 ئەمپێر کارەبا بۆ پێنج گوندی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
سیواد عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەزگای روانگە دووشەممە 3ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەزگای روانگە سیستمی وزەی خۆری لە پێنج گوندی هەرێمی کوردستان داناوە، کارەبای پاک و جێگیر بۆ هەزار و 492 سوودمەند دابین دەکات."
سیواد عومەر روونیکردەوە، ئەو پرۆژەیە رۆژانە 4,812 ئەمپێر کارەبا دابین دەکات و گوتی: "ئەم پڕۆژەیە خزمەت بە دوو ئامانجی ستراتیجی دەکات، پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی گوندەکان و هەروەها هاندانی دانیشتووانی گوندەکان بۆ مانەوە لەبری کۆچ کردن بۆ سەنتەری شارەکان."
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەزگای روانگە باسی لە سوودەکانی پرۆژەکە کرد و رایگەیاند: پرۆژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دەردانی گازی کاربۆن کەم دەکاتەوە و پشتیوانی لە پاراستنی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان و سیستمەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکی نێوخۆیی دەکات.
ئەو گوندانەی پرۆژەکەیان تێدا جێبەجێ کراوە، سێیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، یەکێکیان لە سلێمانی و ئەوەی دیکەشیان لە سنووری پارێزگای دهۆکە.
پرۆژەکانی دەزگای روانگە بۆ کارەبای گوندەکان لە رێگەی وزەی خۆرەوە
- گوندی خۆرایی شێخ وەسان - هەولێر (72 یەکە)
سوودمەندبووان: 281 کەس
1,237 ئەمپێر
- گوندی گولەک – هەولێر (36 یەکە)
سوودمەندبووان: 200 کەس
535 ئەمپێر
- گوندی قامیش – سلێمانی (35 یەکە)
سوودمەندبووان: 210 کەس
591 ئەمپێر
- گوندی گرێ بیێ – دهۆک (45 یەکە)
سوودمەندبووان: 310 کەس
745 ئەمپێر
- گوندی زیارەت – هەولێر (97 یەکە)
سوودمەندبووان: 492 کەس
1,704 ئەمپێر


