رووداو دیجیتاڵ
کەمپینێکی خێرخوازی لە رانیە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان خاوەن ماڵێکی سووتاو و سەرپەرشتیارانی کەمپینەکە، کە یەکدی بە "درۆ" و "خواردنی پارە" تۆمەتبار دەکەن. خاوەن ماڵەکە دەڵێت، "پارەیەکی خەیاڵی بەناوی ئێمەوە کۆکراوەتەوە و خانووەکەشمان بۆ تەواو ناکەن،" لەبەرامبەردا سەرپەرشتیاری کەمپینەکە دەڵێت، "کلیلی خانووی تەواوکراوی دەدەمە دەست، کەچی تۆمەتی دزیم دەدەنە پاڵ."
شەوی 8 لەسەر 9ی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، ماڵی مهاباد محەممەد لە گەڕەکی شارەوانی لە قەزای رانیە گڕی گرت و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددییان بەرکەوت. دوای رووداوەکە، بە سەرپەرشتیی داستان ساڵح، گەنجێکی خێرخوازی ناوچەکە، کەمپینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیێندرا، بەڵام ئێستا کێشە لەنێوان هەردوولادا دروست بووە.
مهاباد محەممەد، خاوەنی ماڵە سووتاوەکە، لە بەرنامەی "بەرپرسیار"ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئێمە ئاگاداری دەستپێکردنی کەمپینەکە نەبووین و هیچ راوێژێکمان پێنەکرا. ئەو پارانەشی کە خەڵک راستەوخۆ دەیدا بە ئێمە، ئامۆزایەکم و ئەندامانی کەمپینەکە لێیان وەردەگرتین."
مهاباد گومانی لەو بڕە پارەیە هەیە کە سەرپەرشتیارانی کەمپینەکە باسی دەکەن و دەڵێت، "ئەوان دەڵێن 112 وەرەقە (11,200 دۆلار) کۆکراوەتەوە، بەڵام بە بڕوای من لە 15 دەفتەر دۆلار (150,000 دۆلار) کەمتر نەهاتووە. بۆ چەواشەکردنی خەڵک لە فەیسبووک ئەو بڕە کەمەیان بڵاوکردووەتەوە."
کێشەی سەرەکیی مهاباد و هاوژینەکەی لەگەڵ کەمپینەکە، جگە لە بڕی پارەکە، شێوازی دروستکردنی خانووەکەشە. ئەو دەڵێت، "رێگە نادەم خانووەکە تەواو بکەن، چونکە هەمووی سەقەتە. نەخشەکەیان گۆڕیوە و بەدڵی خۆیان کاریان کردووە. لە ناچاریدا چووینەتە نێو خانووە هەیکەلییەکە، چونکە کرێی یەک مانگیشیان پێنەداوین."
داواکاریی سەرەکیی مەهاباد ئەوەیە کە کۆی پارەی کۆکراوە رادەستی خۆیان بکرێت. "با پارەکەم بۆ بگەڕێننەوە، خۆم خانووەکە تەواو دەکەم. هیچ باوەڕێکم بەوان نییە و هەرچی دەیڵێن درۆیە."
داستان ساڵح، سەرپەرشتیاری کەمپینەکە، هەموو تۆمەتەکانی لە (بەرپرسیار) رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە کارەکانیان بە ئاگاداریی ئاسایش و لیژنەیەک لە 13 کەسی خێرخواز بەڕێوەچووە.
داستان گوتی: "کۆی گشتیی پارەی کۆکراوە 112 وەرەقە و 80 دۆلار بووە، کە بە ئیمزای هەموو ئەندامانی لیژنەکە پشتڕاستکراوەتەوە. ئێمە پارەمان بۆ دروستکردنی خانووەکە وەرگرتووە، نەک بۆ ئەوەی بیدەینە دەست کەس."
سەبارەت بە کێشەی دروستکردنی خانووەکە، داستان دەڵێت، "ئەندازیارێکی خۆبەخش نەخشەی دانا و خۆیان هەڵیانبژارد. کێشەکە لەسەر جیاوازییەکی 20 سانتیمەتری لە ژوورێکی نهۆمی دووەم دروست بوو. هاوژینەکەی تەلەفۆنی بۆ کردم و قسەی زۆر ناخۆشی کرد و گوتی 'کونە کۆترتان بۆ دروستکردووین'."
داستان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات کە خانووەکە بە تەواوی و بە هەموو کەلوپەلێکی نێوماڵەوە رادەستی مەهاباد بکات. "نزیکەی 55 وەرەقە ماوەتەوە. من وەکیلی خێرخوازانم و ناتوانم پارەکە بدەمە دەستیان. با لێم گەڕێن، بەڵێن دەدەم خانوویەکی دوو نهۆمیی تەواوکراویان بە هەموو کەلوپەلی نێوماڵەوە رادەست بکەم، بەڵام ئەوان تەنیا داوای پارە دەکەن."
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی ناوچەکە بە رووداوی ڕاگەیاند، "داستان لە سەرەتای کەمپینەکە پرسی پێکردووین. ئێمە دەستخۆشی لە کاری خێرخوازی دەکەین، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەمان نییە تەداخولی ئەوە بکەین کە چەند پارە کۆکراوەتەوە و چۆن خەرج دەکرێت."
ئامۆزای مهاباد کە داوای لە داستان کردووە کەمپینەکە رابگەیەنێت، لۆمەی ماڵی مهاباد دەکات و دەڵێت، "ئەوان سەرەتا رازی بوون، بەڵام کە کار گەیشتە سەقفی دووەم، گوتیان کارەکە رابگرن و پارەکەمان پێبدەن. مەبەستیانە خانووەکە بە هەیکەلی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام پارەی پێ پەیدا بکەن."
سیروان ئیسماعیل، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە، هەمان بۆچوونی هەیە و دەڵێت، "ئەو پیاوە دەیەوێت پارەکە وەربگرێت و بیخوات. ئێمە تەنانەت تاقیمان کردنەوە، بڕێک پارەمان بۆ ناردن، بەڵام رادەستی لیژنەکەیان نەکردەوە."
لەنێوان گومانی خاوەن ماڵ و بەڵێنی خێرخوازاندا، چارەنووسی خانووەکەی گەڕەکی شارەوانیی رانیە و ئەو بڕە پارەیەی کە ماوەتەوە، نادیارە و مهاباد رژدە لەسەر ئەوەی کە پارەی ماوە لە کەمپینەکە پێی بدرێت و ئەندامانی کەمپینەکەش لە چاوەڕوانیی رەزامەندی خاوەن ماڵە سووتاوەکەن بۆ ئەوەی کلیلی خانووە دوو نهۆمییەکەیان بە هەموو کەلوپەلی نێوماڵەوە رادەست بکەن.

