رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە گەڕەکی 8ی حەسارۆکی هەولێر تەواو نەکراون؛ شارەوانیی هەولێر دەڵێت، رەزامەندیی وەزیری شارەوانییان هەیە بۆ خەرجکردنی زیاتر لە ملیارێک دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی پارەکەی خەرج نەکردووە.
دانیشتووانی گەڕەکی 8ی حەسارۆک باس لەوە دەکەن کە تەنیا داواکارییان گەیاندنی کارەبا و تێکەڵەرێژکردنی کۆڵانەکانە پێش ئەوەی وەرزی زستان و بارانبارین دەستپێبکات.
بژار عومەر، دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە بە رووداوی گوت: "داواکارییەکەمان تەنیا دابینکردنی کارەبا و تێکەڵەرێژکردنی کۆڵانەکانە پێش هاتنی زستان. نووسراوی خەرجکردنی پارەی پڕۆژەکان واژۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای دەرچوونی رەزامەندییەکە، چەند گەڕەکێکی دیکە خزمەتگوزارییان بۆ براوە، بەڵام گەڕەکی ئەوان هێشتا لە چاوەڕوانیدایە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە 7ی تەممووزی ئەمساڵدا، رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ملیارێک و 303 ملیۆن و 906 هەزار دینار دەربڕیوە کە لە داهاتی فرۆشتنی زەوییەکانی شارەوانیی هەولێر دابین دەکرێت.
لەو بڕە پارەیە، ملیارێک و 208 ملیۆن دیناری تەنیا بۆ گەیاندنی بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی گەڕەکی 8ی حەسارۆک تەرخانکراوە، بەڵام پڕۆسەکە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری پەکیکەوتووە و پارەکە خەرج نەکراوە.
شارەوانی: هەرکاتێک پارە هەبێت دەستبەکار دەبین
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بە گوژمەی نزیکەی 16 ملیار دینار خزمەتگوزاریی وەک دانانی سەرەبلۆک، دروستکردنی شەقامی 60 مەتری، ئاوەڕۆ و تێکەڵەرێژکردنی بەشێک لە گەڕەکەکە جێبەجێ کراون."
سەبارەت بە تەواوکردنی پڕۆژە ماوەکانیش، سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: "رەزامەندیی خەرجکردنی پارەی تەواوکردنی پڕۆژەکان دەرچووە، بەڵام وەزارەتی دارایی تاوەکو ئێستا پارەکەی خەرج نەکردووە. هەرکاتێک پارەکە خەرج بکرێت، بێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییە ماوەکان دەکەین."

